کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ڕێکخراوی خوێندکاریی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

12:13 - 25 پووشپەڕ 2722

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد و کۆمەڵەی خوێندکارانی ڕۆژهەڵات، سێ ڕێکخراوی خوێندکاریی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە یەکگرتوویی و کاری هاوبەش لەگەڵ یەکتر ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

خوێندکارانی پێشڕەو و ئازادیخواز!

ڕووناکبیران، نووسەران، هونەرمەندان و شاعیرانی دەروەست!

هەروەک ئاگادارن لەم هەلومەرجەدا کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر سێبەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لەژێر سەختترین گوشاری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، تەندروستی و پەروەردەدا دەناڵێنێت.

لە لایەکەوە سیاسەتی ئیدئۆلۆژیی پشتبەستوو بە یاسای هەڵاواردنی ئەو ڕێژیمە، لەبەرچاونەگرتنی فرەڕەنگی و فرەچەشنی، سەرکوتی کوێرکوێرانەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و ڕێگەنەدان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوەی سەربەخۆ بۆ داکۆکی لە مافی خەڵک، لە لایەکی دیکەوە، داڕمانی ئابووری، سیاسەتی گەندەڵپەروەر و تەرخانکردنی سەروەت و سامانی ئێران بۆ پشتیوانی لە سپای تێرۆریستی پاسداران و گرووپە تێرۆریستییەکان و پەرەپێدانی پرۆژە شەڕەنگێزییەکانی لە دەسکەوتەکانی، ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە هۆکار بۆ دروستبوونی بارودۆخی کارەساتباری ژیان و گشتگیرکردنی هەژاری و دەستپێڕانەگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی کۆمەڵانی خەڵکە.

ئەگەرچی زانکۆ هەمووکات وەک بەشێک لە کۆمەڵگە قوربانیی سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و خوێندکارانی کورد وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی و هەروەها ئایینزاش لە ئێراندا، لەگەڵ هەڵاواردنێکی چەند قات بەرەوڕوون و ڕۆژانە بە بیانووی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکان بەهۆی بیروڕای پێشکەوتنخوازانەیان، بە ئەستێرەدارکردن، دەرکردن لە زانکۆ، زیندان و ئێعدام لەلایەن حاکمانی ئەم سیستمە بەرەوڕوو دەەبنەوە و دەرفەت و بەستێنی چالاکی بۆ خوێندکاران نەخوڵقاوە بەڵام سەرەڕای ئەمانە خوێندکاران وەکوو توێژی پێشەنگی کۆمەڵگە، ئەرکی بەرەوپێشبردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان لەسەر شانە و نابێ سیاسەتی ڕێژیمی ئێران لەسەر ڕێگای چالاکییەکانیان لەمپەڕ بێت.

لەم پێناوەدا و دوابەدوای تاوتوێکردنی هەلومەرجی جیهانی، ناوچەیی و کوردستان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر بارودۆخی هەنووکەیی لە ئێران و کوردستاندا، سێ ڕێکخراوی خوێندکاریی کوردستان (یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد و کۆمەڵەی خوێندکارانی ڕۆژهەڵات)  پێمان وایە ئیستا زیاتر لە هەموو کاتێک، یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی خوێندکاری کە هەمووکات وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و پێشەنگ کاریگەریی بەرچاوی لەسەر گەشەسەندنی بزووتنەوە پێشڕەوەکان لە ئێران و کوردستان هەبووە، بۆ لایەنی بەکردەوەییکردنی پلانی هاوبەش بۆ کاری داهاتوومان بگوازینەوە.

هەر بۆیە بە پێویستی دەزانین لە پێناو گەشەپێدانی چالاکییەکان و بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان و هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاری لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای کاری هاوبەش، بۆ دروستکردنی ناوەندێکی هاوکاری لەژێر چەتری پلاتفۆرمێکی هاوبەش هەوڵ بدەین و دەستی هاوکاری و یارمەتی بۆ لای سەرجەم ڕێکخراوە خوێندکارییە ئازادیخوازەکانی کوردستان و هەموو خوێندەڤانان و خوێندکارە ئازادیخواز و دێموکراتەکان ڕادەکێشین.

شایانی باسە، لە پێکهێنانی ئەم بەرەیە بۆ کاری هاوبەش، بەرپرسایەتیی زیاتر لەسەر شانی توێژی خوێندکاری کۆمەڵگە وەکوو توێژی پرسیارخولقێن و ڕادیکاڵ لە سەرووی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دادەنێت، هەر بۆیە خوێندکاران لە ئاستی ئەم بەرپرسایەتییە دەبێ هەنگاوی جیدی بۆ کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان، قەڵەمبەدەستان، ڕووناکبیران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەڵبگرن؛ لەبەر ئەوەی کە کاری هاوبەش پێش بە بەریەککەوتنی مەترسیدار دەگرێت و هەم ڕێخۆشکەری قۆناخێکی گەورەتر و پیرۆزتر بە ناوی یەکگرتوویی و یەکبوونە و پێش بە ناتەبایی و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی کورد دەگرێت و بەهێزتر دەتوانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان تێبکۆشین و هەروەها بە هێزەوە لە دۆخی هاوکێشە سیاسییەکان لە نەزمی جیهاندا ڕووبەڕوو بێتەوە و ببێتە ڕۆژەڤی بابەتە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەنگاوێکی گرینگ بۆ داهاتووی کورد و کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵبگرێت.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد

کۆمەڵەی خوێندکارانی ڕۆژهەڵات

٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی

بەرامبەر بە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی