کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە سەفەری شتان مایێر بۆ ئێران گرت

15:35 - 26 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: نوێنەرانی سێ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئاڵمان، داوایان لە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد کە لە چاوپێکەوتنی خۆیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، دۆخی مافی مرۆڤ و چارەنووسی زیندانیانی سیاسی بخەنە بەر باس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی ئاڵمان، بە ڕەخنە گرتن لە سەفەری فرانس واڵتێر شتان مایێر بۆ ئێران، ڕایانگەیاند: بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ لەو نێوانەدا لەبیر کراون.

لقی ئاڵمانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بونیادی داکۆکیکاری نەتەوە ژێر دەستەکان (Gfbv) و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان ( IGFM ) داوایان لە شتان مایێر کردووە کە لە وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا، بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ لەپێشەوە بخرێت بەر باس.

ڕۆت یوتنێر، کارناسی کاروباری ئێران لە لقی ئاڵمانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دۆیچەوێلە گوتی: لێبووردنی نێونەتەوەیی چاوەڕوانیی هەیە کە شتان مایێر سەرکوتی ڕەخنەگران، گوشار خستنەسەر کۆمەڵگای مەدەنی و کێشە و گرفتەکانی دەزگای قەزایی ئەو وڵاتە بخاتە بەر باس.

تیلمان زۆلیش، سەرۆکی بونیادی داکۆیکاری مافەکانی نەتەوە ژێردەستەکان، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەزبەر، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، پێشنیار دەکات لەجیاتی ئاڵووێری ئابووری، دۆخی مافی مرۆڤ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بخاتە بەر باس و داوای ئازادیی زیندانیانی سیاسی لە بەرپرسانی ئێرانی بکات.

مارتین لێسێنتین، وتەبێژی لێژنەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگای نیونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤی ئاڵمان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دۆیچەوێلە ڕەخنەی لە سەفەری لێژنەی ئابووریی ڕۆژئاوا بۆ ئێران گرت و گوتی: ئێمە شاهیدی سەفەری لێژنە ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا وەکوو ئاڵمان بۆ ئێرانین، هەتا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئاڵووێری تیجاری و بازرگانی بکەن. ئێمە داوا لە هەموویان بە تایبەت شتان مایێر دەکەین کە مافەکانی مرۆڤ لەپێشی کارەکانی خۆیانەوە دابنێن. ئێمە خۆشحاڵین کە سات‏وسەودای ئابووری ئەنجام دەگرێت، بەڵام نابێ جۆرێک نیشان بدەین وەکوو ئەوەی کە مەسەلەی مافی مرۆڤ بوونی نیە. بەپێچەوانەوە، ئێمە شاهیدی ئەوەین کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون بەرز بووەتەوە و گوشار بۆ سەر جیابیران لە ئێراندا زیاتر بووە.