ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەکانی تورکیە بۆ سەر ماشینێک لە نێوان شاری "قامیشلوو و تربەسپی" لە کوردستانی ڕۆژاوا سێ ژنە فەرماندەی هێزەکانی سووریەی دێموکرات "هە.سە.دە" شەهید بوونه.
"مەزلووم عەبدی" فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە؛ شوناسی ئەو سێ ژنە فەرماندەیەی هێزەکانی سووریەی دێموکراتی ئاشکرا کردووە.
لەو ڕاگەیەندراوەی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیکدا هاتووە: "ڕێژیمی داگیرکەر بە مەبەستی کپکردن و لەنێوبردنی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەست لە هیچ دەستدرێژییەک ناپارێزێ".
لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها هاتووە: "تورکیە لەو هەڵمەتە دوژمنکارانەیەدا ژنانی وەکوو پێشەنگی شۆڕش داوەتە بەر هێرش و لەو ڕاستایەدا هاپەیمانیی نێونەتەوەیی هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی "هە.سە.دە" ئەو سێ ژنە فەرماندەیەی کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی هێزەکانی "تورکیە"دا شەهید بوونە بریتین لە: "ژیان تولهەڵدان" فەرماندەی هێزەکانی یات(دژە تێرۆر) "ڕۆژ خابوور" و "بارین بۆتان" لە ئەندامانی باڵای هێزەکانی دژە تێرۆر".
"مەزڵووم عەبدی" فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات لەو بارەوە لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە و وتوویەتی: "ژیان تۆلهەڵدان" فەرماندەی هێزەکانی دژە تێرۆر و ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هەر دوو فەرماندە؛ ڕۆژ خابوور و بارین بۆتان لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە و لە پێشکەوتنی ژنان لە کوردستانی ڕۆژاوا دەستێکی دیار و بەرچاویان هەبوو.
هەروەها سەبارەت بەو ڕووداوە "سێنتکام" ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئامریکا وێڕای هاوخەمی لەگەڵ هێزەکانی سووریەی دێموکرات باسی لە ڕۆڵی بەرچاوی "ژیان تۆلهەڵدان" لە شەڕی داعشدا کردووە و بەشداریی ناوبراویان لە شەڕی داعشدا بەرز نرخاندووە.