کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار بوون

14:00 - 15 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی تەقەی راستەوخۆ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی سێ کۆڵبەری کوردی خەڵکی مەهاباد و ئورمیە بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی \'\'کوردپا\'\'، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی میرئاوای سەردەشت بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی بریندار بوون.

بەپێی ئەم راپورتە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی لە ناوچەی میرئاوای سەردەشت کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی حاجی رەحمان خەڵکی شاری مەهاباد بریندار بوو.
هاوکات کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی رەحمان قەرەچۆم لە کاتی تەقەی هێزە نیزامییەکانی رێژیم و لەبەر ئەوەی کە گیانی لە مەترسیدا بووە، خۆی لەسەر شاخێک فڕێ داوەتە خوارێ و لاقێکی شکاوە.

هەروەها، رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە لە کاتی کۆڵبەریدا، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە نەخۆشخانەیەکی ئورمیە لە ژێر چاودێریی پزشکی دایە و بارودۆخی تەندروستیی ئەم کۆڵبەرە نالەبار راگەیەندراوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە سنووری و جاددەکانی کوردستان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی کوژراو و بریندار بوونە.