کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ کەسی سەر بە سپای پاسداران لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆیان خرایە سەر

18:28 - 17 جۆزەردان 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردان، وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کەناوەندی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو بنکانەی کە لە بواری ماڵییەوە گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دابین دەکەن، گەمارۆی خستووەتە سەر ١٦ کەس، ڕێکخراو و گرووپ کە پەیوەندییان بەو گرووپە تیرۆریستییانە لە ناوچەکەدا هەیە.

لەنێوان ئەو کەسانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر سێ کەسیان بە ناوەکانی "مورتەزا هاشمی، عەلی قەیسەر و مێقداد ئەمینی" بوونیان هەیە کە سەر بە هێزەکانی سپای تێرۆریستی "قودسـ"ـی ڕێژیمی ئێرانن کە بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان، فرۆشی قاچاخی نەوت و سپیکردنەوەی پارە" تاوانبار کراون.  

ئەو ناوەندە بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی هەمەلایەنەی ئامریکا و وڵاتانی ناوچەی کەنداو لەوانە "بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر، عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی" بۆ پێشگرتن لە سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی ماڵیی ملیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، پێک هاتووە.