کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێدارەکان دەدوێن

00:02 - 6 جۆزەردان 2722

سندووس

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە سەر لەسێدارەدان بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، جیا لە وڵاتی چین کە ژمارەکەی ناڕوونە، لانیکەم ٥٩٧ زیندانی لە ١٧ وڵاتی ئێران، میسر، عەرەبستان، سوورییە، عێراق، سومالی، یەمەن، سوودانی باشوور، بەنگلادش، بلاڕووس، بۆتسۆڤانا، عوممان، کۆریای باکوور، ڤییەتنام، ژاپۆن، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئامریکا لە سێدارە دراون. ئەم ئامارە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی ٢٠ لەسەد هەڵکشاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٣١٤ زیندانی لە زیندانەکانی کۆماری ئاخوندیدا لە سێدارە دراون. بەمجۆرە ئێران لە دوای چین، زیاترین کاری قێزەونانەی سێدارەی ئەنجام داوە کە پشکی ٥٤ لەسەدی لە کۆی جیهاندا بەردەکەوێت.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٤٨ زیندانیی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئاخوندی لە سێدارە دراون کە بەبەراورد لەگەڵ ئاماری لێبوردەی نێودەوڵەتی بۆ لەسێدارەدراونی ئێران، ٨/٢ لەسەدی کۆی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون بۆ گشت جیهان و ١٥/٣ لەسەد بۆ کۆی ئێران، کوردن!!

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١دا، سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "ئەسعەد ڕامین"، "داوود ڕەحیمی" و "یاسر مەنگوڕی"، لە ژێر ئەشکەنجەی بنکە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئاخوندیدا گیانیان لە دەست داوە و منداڵێکیش بە ناوی سەججاد سەنجەری لە سێدارە دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردەی نێودەوڵەتی، بیانووەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەسێدارەدانی ئەم زیندانییانە، ساتوسەودا بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ڕاگەیەندراوە. کەچی ڕاستی کۆمەڵگای کوردی بابەتێکی جیا لە داواکانی دەسەڵاتی ئاخوندی دەسەلمێنێ.

ئەوەی حاشاهەڵنەگرە ئەم ڕاستییەیە کە کوردستان و نەتەوەی کورد هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئاخوندییەوە دژایەتی لەگەڵ بیری چەپەڵ و دواکەوتووانەی ئاخوندەکان کردووە و لێبڕاوانە داوای مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی وەک بەرنامەیەکی سەرەکی هێناوەتە بەرباس و لە پێناویدا خەبات و تێکۆشانی هەبووە و خوێنبەهای بۆ داوە. کۆماری ئاخوندی لە ڕووی ترسێکی "دەروون"ی کە لە کوردستانی هەیە بە بیانووی جیاجیا قۆڵی لەناوبردنی نەتەوەی کوردی هەڵماڵیوە و ڕوحم بە دار و بەردی ئەم وڵاتە ناکات و تاک بە تاکی ئەندامانی کۆمەڵگای کوردی بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێ، دەنا چ خێرە بە بیانووی درۆیینی ساتوسەودای ماددە هۆشبەرەکان، لاوانی ئەم وڵاتە بەرێتە ژێر پەتی سێدارە و پۆل‌پۆل لەناویان ببات، ئەوە لە کاتێکدایە کە گەورەترین باندەکانی تڕانزیت و ڕاگواستنی ماددە هۆشبەرەکان هەر سپای پاسداران و قوڵەچۆماغەکانی خۆیەتی لە نێو حیزبوڵای لوبنان و باقی گرووپ و دەستە و تاقمەکانی‌تردا.

ئاماری لە سێدارەدانی ١٥/٣ لەسەدی کوردبوونی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە بەر غەزەبی دەسەڵاتدارانی تاران، زۆر ڕاستی لەهەمبەر شەکاوەبوونی ئاڵای ئازادی نەتەوەکەمان و ترس و خۆفی دەروونی دەسەڵاتداران نیشان دەدات.

ئەگەر یەک لە سەدی درۆ و دەلەسەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بە ڕاست بزانین و وای بقەبڵێنین کە ئەم ڕێژە زۆرە لە سەر تڕانزیتی ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون، ئاخر کوردستان نە هاوسنووری ئەفغانستان و پاکستانە و نە سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنی ماددە هۆشبەرەکان هەیە، کەوابوو دیسان ئەم ڕاستییە دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی ئاخوندی بۆ وەدەستخستنی بیانوو و هەتڵەکردنی لاوانی کورد لە خەبات و تێکۆشان، بۆخۆی و بە دەستی ئانقەست ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە تا:

١- بیانووی گرتن و لە سێدارەدانی لاوانی کوردی بکەوێتە دەست،

٢- کوردستان، وەک کانگای بیری ئازادیخوازیی تێکەڵ بە ماددە هۆشبەرەکان بکات و ئەوەندەی بۆشی بکرێ پەرەی پێ‌بدات.

بەم پێیە و دیسان بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم کارە قێزەونەی کۆماری ئاخوندی بەو ڕێژە زۆرەوە، گەمە و کایەیەکی سیاسی هەڵخەڵێنەر و دوژمنکارانەیە بۆ شاردنەوەی ترسی دەروونی و هەتڵەکردنی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان.