کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێزدە گوند لە ناوچەی جوانڕۆ و حەفتا گوند لە لوڕستان ئاوی خوارنەوەی پێویستیان نییە

12:29 - 14 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ، "غەفار ساڵحی" بەرپرسی کاروباری ئاو و ئاوەڕۆی ڕێژیم لە شاری جوانڕۆ وتی کە سێزدە گوندی ئەو شارە بە حەشیمەتی ٢ هەزار و دووسەد کەسییەوە بە تانکەر ئاویان پێ دەگات.

بەهۆی وشکەساڵییەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرچاوەی ئاوی ئەو گوندانە وشک بوون، هەر بۆیە کێشەی بێئاوی دروست بووە.

شاری جوانڕۆ ٧٥ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە ٨٦ کیلۆمیتریی شاری کرماشان هەڵکەوتووە.

هەروەها ٧٠ گوند لە لوڕستان ئاوی پێویستیان نییە و بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت.

"مەهدی پازوکی" بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای لوڕستان لەو بارەوە وتوویەتی کە زیاتر لە ٥٠٠ گوند لە لوڕستان کێشەی ئاویان هەیە و ٧٠ گوندی ئەو پارێزگایە بە تانکەر ئاویان پێ دەگات.

هەروەها سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوییەکانی ئەو پارێزگایە لەچاو ساڵی ڕابردوو ١.٥ میتر واتە ٦٦ لەسەد کەمیان کردووە.

لە سەرەتای پاییزی ١٤٠٠ تا کۆتایی مانگی جۆزەردانی ١٤٠١، نێونجی بارینی باران ٣٦٠ میلی میتر بووە کە لەچاو ساڵی ڕابردوو ٤ لەسەد زیادی کردووە، بەڵام لەچاو درێژخایەن ٣٧ لەسەد کەمی کردووە.

کەمیی باران بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارە سەرەکییەکانی ناوچە و ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە لەچاو ساڵی ڕابردوو ١٥ لەسەد و لەبابەت درێژخایەن ٨٠ لەسەد کەمی کردووە.

لە ئێستادا ٧٠ گوندی ناوچەکە بە تانکەر ئاویان پێ دەگات و ١١ شاری ئەو پارێزگایەش لەگەڵ "گرژیی ئاوی" بەرەوڕوون و ٦٥ لەسەدی بەنداوەکان ئاویان تێدا نییە.