کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمیناری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە هەولێر بەڕێوە چوو

18:10 - 3 رێبەندان 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان سێمینارێکی لە چوار پانێلی جیاجیادا بەڕێوە برد.

لەو سێمینارەدا کە لەژێر ناوی "کۆماری کوردستان ئەزموونێکی شکۆدار و هێمای یەکڕیزیی نەتەوەییە بۆ بونیاتنانی سەروەریی نیشتمانی " پێکهاتبوو، نوێنەری هەر کام لە چوار حیزبی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری باسەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد.

ئەم سێمینارە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی لە هۆڵی "پێشەوا" لە هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێک لە لایەن و نوێنەرانی ڕێکخراو، حیزبەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد، ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی کوردستان و میوانان بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا "حەسەن شەرەفی، عەبدوڵڵا ئازەربار، کەماڵ کەریمی و ڕەزا کەعبی"، هەر یەک لە ئەندامانی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری، لە گۆشەنیگای خۆیانەوە باسی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان کرد.

"حەسەن شەرەفی" باسێکی لەژێر ناوی "تایبەتمەندیی نەتەوەیی و دێموکراتیکی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی" پێشكەش کرد.

"عەبدوڵڵا ئازەربار" باسێکی لەژێر ناوی "کاریگەریی کۆماری کوردستان لەسەر پەرەسەندنی هەستی نەتەوەیی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان" پێشکەش کرد.

لەم سێمینارەدا "کەماڵ کەریمی" باسێکی  لەژێر ناوی "هەلومەرجی مێژوویی و سیاسیی کۆماری کوردستان" پێشکەش کرد.

هەروەها "ڕەزا کەعبی" باسەکەی بریتی بوو لە "کەموکوڕییەکانی کۆماری کوردستان و هۆکارەکانی هەرەسهێنانی ئەو کۆمارە".

سێمینارەکە پاش سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، دەستی پێکرد.

لە پانێلی یەکەمدا "کەماڵ کەریمی" بە خستنەڕووی چەندین فاکتەری گرینگی مێژوویی و سیاسی لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەو بارەوە بۆ ئامادەبووان دوا.

لە پانێلی دووهەمدا، "حەسەن شەرەفی"، بە باس کردن لە بارودۆخی ئەوکاتی کۆماری کوردستان وەکوو خەسارێک وتی: "ئەوەی گرینگە لەو سەردەمە لەگەڵ هەبوونی هۆز و عەشیرەتی زۆر، بەڵام توانی هەمووان لەژێر ئاڵایەک و ویستێکی هاوبەشی نەتەوەیی کۆ بکاتەوە، بەڵام لەم سەردەمە‌دا کە سەردەمێکی پێشکەوتوویە و کورد دەیان حیزبی هەیە، بەڵام ناتوانن وەکوو سەردەمی پێشەوا قازی هاوئاهەنگ و یەکڕیز بن".

لە پانێلی سێهەمدا "عەبدوڵڵا ئازەربار"، باسی لە هەوڵەکانی ڕەزا شای پەهلەوی وەکوو سیاسەتی یەکدەست کردنی گەلانی ئێران و تواندنەوە و ئاسمیلەکردنیان لەنێو فەرهەنگ و زمانی دەسەڵاتدار و پەرەسەندنی بیری شۆڤێنیستی و ڕەگەزپەرەستیی ئێرانی کرد.

لە پانێلی کۆتاییدا "ڕەزا کەعبی" بە باسکردن لە جیاوازیی قوناغەکان و جیاوازیی نێوان چین و نەوەکانی دوێنی و ئەمڕۆ، خەسارناسییەکی کورتی لەو بارەوە باس کرد.