کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکان بەڕێوە چوو

17:37 - 5 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات سێمینارێکی تایبەتی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بەفرانباری ١٣٩٨، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات سێمینارێکی بۆ یادی چلەمین ڕۆژی گیانبەختکردنی خۆپیشاندەرانی سەرهەڵدانەکانی مانگی خەزەڵوەر بەڕێوە برد.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمدا، دوکتور "ئاوات ساروج"، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزب، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تێچوویەکی زۆری بۆ ئاسمیلاسیۆنی خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام تەرخان کردووە و هەروەها پیلانی زۆریشی بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیای ئەم پارێزگایانە گرتووەتە بەر، هەر بۆیە ڕێژەی سەرکوتی خەڵک بەتایبەت لە پارێزگای کرماشاندا زۆر بەرچاو بوو.

لە بڕگەی دووهەمدا، "فواد خاکی بەیگی"، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات باسی لە چۆنیەتی، ماوە، کەموکۆڕییەکان و هەروەها ئەزموونەکان لەم خۆپیشاندانانەدا کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ٤١ی ساڵی ڕابردوودا، ئەمە بەربڵاوترین و ڕادیکاڵترین خۆپیشاندان لە ئاستی ئێراندا بووە و دروشمەکان تەواوییەتی ڕێژیمی ئێران و ڕێبەری ڕێژیمیان کردبووە ئامانج.

"خاکی بەیگی" هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵێک زانیاری و داتا سەبارەت بە ڕێژەی خۆپیشاندەران، دەسبەسەرکراوان، تێچووەکان بۆ ڕێژیم و جۆرەکانی سەرکوتی خەڵک کرد و لە کۆتاییشدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵات لە دەوری بازنەیەکی شوناسخوازانەدا دەسووڕانەوە، باسی لەوە کرد کە یەک گوتاری و یەکدەنگ بوونی کورد لە بەرانبەر پرسە نەتەوەییەکاندا خاڵێکی جەوهەرییە.