کوردستان میدیا: بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بە سەر فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان، سێمینارێک لە لایەن هەیئەتی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکانی حیزب بە هاوکاریی بەشی ئاشکرای دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، بە بەشداریی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە شاری هەولێر و دەوروبەری، هەروەها نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، سێمینارێک لە دوو پانێلی جیاجیادا بەڕێوەچوو.
لە پانێلی یەکەمدا "محەممەدنەزیف قادری" جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی حیزب، باسێکی گشتیی سەبارەت بە فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان و جینایەتەکانی ڕێژیمی خومەینی دەرهەق بەخەڵکی کوردستان پێشکەش کرد.
ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: "٤٠ ساڵ لەمەوبەر، بە فتوای خومەینی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، سپای تازە دامەزراوی پاسداران بە مەبەستی داگیركردن و ھەژموونییان بە سەر كوردستانی ڕۆژھەڵات، ھێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر كوردستان و بە ھەزاران كەسیان كردە قوربانی و وڵامی داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانیان بە هێرش و کۆمەڵکوژی و سەرکوت و سێدارە و گولـلەبارانکردنی خەڵکی بێتاوانی کوردستان دایەوە".
لە درێژەدا زیادی کرد: "ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، ڕێگر بوو لەوەی كە لە كوردستانی ڕۆژھەڵاتدا كەشێكی ئازاد و دێموكراتیك هەبێت، هەر بۆیە بە زووترین كات هێزە چەكدارەكانی پاسدار و ئەرتشی ئێرانی ڕەوانەی كوردستان كرد و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێبەزەییانە دەستیان دایە سەرکوت و قەتڵوعامکردنی نەتەوەی کورد".
"قادری" هەروەها وتی: "گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی تەنیا وەبیرهێنەرەوەی هێرشی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی و کاولکاری و قەڵاچۆکردن و تێرۆر و جینایەتەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی کوردستان نییە؛ بەڵکوو وەربیرهێنەرەوەی دنیایەک داستان لە فیداکاری و ئازایەتییە، وەبیرهێنەرەوەی لەخۆبردوویی و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانە بەدژی دوژمنی سەرکوتکەر و دیکتاتۆری تازەپێگەیشتوو".
لە پانێلی دووهەمدا، مامۆستا "حەسەن واژەیی"، کادری دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب، باسێكی سەبارەت بە لایەنی شەرعی و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی پشت ئەو فتوایە بۆ ئامادەبووان شی کردەوە و وتی: "فتوا و بڕیاردان مافی کەسایەتی و مەرجەعە تایبەتییەکانە، خومەینی نەتەنیا ئەو سەڵاحییەت و کەسایەتییەی نەبوو، بەڵکوو تەنانەت لەنێو شیعەکانیشدا ئەو کەسایەتییەی نەبوو. خومەینی کەسایەتییەکی ئاست نزم و مرۆڤێکی دڵ لە قین و دڕندە بوو و بە ڕابردوویەک کە هەیبوو تەنانەت ڕەحمی بە هاوسەنگەر و هاوبیرانی خۆیشی نەدەکرد. ناوبراو داوای له ههموو خهڵکێکی موسوڵمان (لایهنگرانی ویلایهتی فهقیهـ) کرد ئهرکی شهرعیی خۆیان، واته هێرشکردنه سهر کوردستان و ههڵکهندنی "ئهساسی کفر و ئیلحاد"، بهجێ بهێنن، هەر بۆیە جیهادییەکان و هۆگری ویلایهتی فهقیهـ، له کوردستان تاوانی گەورەیان ئەنجام دا".
"واژەیی" وتی: "فتوا و کۆمەڵکوژیی خومەینی و هاوبیرانی نەیتوانی چۆک بە ئیراەی مافخوازانەی خەڵک دابدات و نەتەوەی کورد هەروا بە ئیرادەیەکی بەرزی شۆرشگێڕی و نەتەوەییەوە لە تێکۆشانی خۆیدا بەردەوامە".