کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات، سێمینارێکی سەبارەت بە ٣٠هەمین ساڵیادی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، هەروەها شەهیدانی ڕاسان بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە، ١٥ی پووشپەر، بەشی ئاشکرای دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات، سێمینارێکی سەبارەت بە سیهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و هەروەها شەهیدانی وەرزی نوێی خەباتی خۆرهەڵاتی کوردستان و بزاڤی ڕاسان و شوێندانەری لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزب لە کەمپی "جێژنیکان"، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە کۆمیتەی هەولێر و دەوروبەری، بەڕێوە برد.
ئەم سێمینارە، بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، دەستی پێکرد.
دواتر "دارا ناتق" جێگری دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب، وێڕای بەخێرهاتنی سەرجەم بەشداربووانی سێمینارەکە، ئاماژەی بە ئامانج و بەرنامەی کاریی سێمینارەکە کرد و وتی: "بیر و ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو، ئەمڕۆ بوونە بە چرای ڕیگای خەباتمان و دوکتور قاسملوو بووە بە ڕەمزی خەبات و ناسنامەی نەتەوەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و یادی ئەم ڕێبەرە شەهیدەمان، ئەمڕۆ نەتەنیا لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕێزی ڵێدەگیرێت و ئەزموون و هزری سیاسیی ئەم ڕێبەرە ناودارە، بووە بە ڕەمزی خەبات بۆ گەلەکەمان".
ئەم سێمینارە لە دوو پانێلدا، بەڕێوە چوو. لە پانێلی یەکەمدا، "ڕۆستەم جەهانگیری"، بەرپرسی دەزگای چاوەدێریی حیزب، باسێکی مێژوویی سەبارەت بە قۆناغەکانی خەباتی حیزبی دێمۆکرات لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تاکوو قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کرد و ڕۆڵی ڕێبەری ناودار و بلیمەتی نەتەوەکەمان، دوکتور قاسملوو، لە ڕێکخستن و ئۆرگانیزەکردنی حیزبی دێمۆکرات، لەسەر بنەمای ڕێکخراوەیەکی مۆدێڕن و ئەمڕۆیی و خاوەن بەرنامە و پرۆگرامێکی پێشکەوتوو، بەرز نرخاند.
"جەهانگیری" هەروەها وتی: "یەکێک لە دەگمەن ئەو مرۆڤانەی کە لە لووتکەی مرۆڤایەتیدا جێی گرتووە، دوکتوری ڕێبەرمان قاسملوویە، چونکە لە هەموو تایبەمەندییە ئیخلاقییەکانیدا گەیشتبووە لووتکە".
ناوبراو بەوردی ڕەهەندە جیاجیاکانی هزری سیاسی و کەسایەتیی بەرزی دوکتور قاسملووی بۆ ئامادەبووان شی کردەوە. دواتر، تیشکی خستە سەر بزاڤی ڕاسان وەک وەرزی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و باسی لە شوێندانەربوونی ئەو بزاڤە و فیداکاری و لەخوبردوویی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان و کادر و پێشمەرگە قارمانەکانی حیزبی دێموکرات لە خەباتی نوێ و بەرەوپێشچوونی بزاڤی نەتەوەیی کرد، هەروەها باسی لە شەهیدانی ڕاسان و ڕۆڵی مێژووییان کرد کە گیانی خۆیان فیدای ڕزگاری و سەربەستی و ئازادیی نەتەوەکەیان کرد.
لە پانێلی دووهەمی سێمینارەکەدا، "شەریف فەلاح"، نووسەر و ئەندامی حیزب لە شاری هەولێر، باسێکی سەبارەت بە نێوەرۆکی بەرهەمی نوێی خوی کە لە سێهەمین ساڵیادی حەماسەی کۆساڵان و بۆڕیەردا، کتێبێکی بە ناوی "کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ"، لەسەر ژیان و خەباتی شەهید "کاوە جەوانمەرد" (کاکۆ) نووسیوە.
"شەریف فەلاح" لە باسەکەیدا لەسەر ناوەرۆک و ئامانجی کتێبەکەی جەختی کردەوە و وتی: " حەماسەی کۆساڵان و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەی چاونەترسی دێمۆکرات، بەگژداچوونەوەی دووبارەی داگیرکەری خاکی کوردستان و دەسپێکی جەنگی کۆنەپەرست و ڕاونانی تاریکی و هەڵاتنی ڕووناکی و "گرێدانی خەباتی شاخ و شار"ـە لە ئاستی بەریندا. کۆساڵان لووتکەی ئیرادە و باوەڕی بەرزی گەلی ڕاساوە لە بەرانبەر قین و بوغزی داگیرکەر و چەکی پڕ لە ژەنگ و ئیدیۆلۆژیی سوواوی کۆنەپەرستدا کە سەرەنجام ئەوە خوێنی پێشمەرگە و پارێزەرانی کەرامەتی نیشتمان بوو، هیوای بەخشییەوە بە نیشتمان کە ئێمە هەین و کۆڵ نادەین و بە چۆکدا نایەین، چونکە پاڵمان بە کۆساڵانی سەربەرزەوە داوە و ڕوومان لە جمانی شار و خرۆشانی گەلە".
ناوبراو وتیشی: "ئەم کتێبە لە پێنج بەش پێکهاتووە و لە هەر بەشێکدا کە تایبەتە بە قۆناغێکی ژیانی شەهید کاوە جەوانمەرد بەوردی ڕەهەند و لایەنی جیاوازەکانی شەهید کاوە تاوتوێ کراوە و لە کۆتاییدا بە شێوەی بەڵگەمەند و دیکیۆمێنتاری، ژیانی شەهید کاوە وێنا کراوە".
سێمینارەکە، بە دابەشکردنی کتێبەکە بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی ڕاسان و میوانان و کادر و پێشمەرگە بەشداربووەکانی ڕێوڕەسمەکە، کۆتایی پێهات.