کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەسەر فەرهەنگسازی لە زمانی کوردی، لە هەولێردا بەڕێوە چوو

13:23 - 25 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سێمینارێکی زانستی لەسەر فەرهەنگسازی لە زمانی کوردیدا، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە زانایانی زمان و نووسەران و سیاسەتوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە شاری هەولێردا بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٤ی جۆزەردان، سێمینارێکی زانستی لەسەر " فەرهەنگسازی لە زمانی کوردیدا"، لە لایەن "خالید جەمیل محەمەد"، نووسەر و لێکۆڵەری بواری زمانەوانی، لە "هۆتێل کاپیتاڵـ"ـی هەولێردا بەڕێوە چوو.

لەم سێمینارەدا، شاندێکی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، بە سەرپەرەستیی "محەمەد ساڵەح قادری"، بەرپرسی "پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر"، بەشدارییان کرد.

"خالید جەمیل محەمەد"، لەم سێمینارەدا باسی لە چۆنییەتی فەرهەنگسازیی زمانی کوردی کرد و هەروەها باسی لەوە کرد، کە فەرهەنگۆکەکانی زمانی کوردی لە باری "شرۆڤەی وشەکان"، "ڕیزبەندی" و "پێناسەکردنـ"ـەوە کێشەیان هەیە و بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە ئەو بابەتەی تاوتوێ کرد.

"جەمیل محەمەد"، هەروەها لەسەر هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی هەڵە زمانەوانییەکان لە زمانی کوردیدا، ئاماژەی بە دوو هۆکاری سەرەکی، لەوانە: "کۆپیکردنی فەرهەنگەکانی پێشووتر و نەبوونی بابەتێکی لێکۆڵینەوەیی ڕەخنەیی"، کرد.

بە وتەی ناوبراو، لە زمانی کوردیدا، تەنیا ٢٠٠ فەرهەنگۆک هەیە و تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ فەرهەنگسازیی زمان نەدراوە.

ناوبراو لە لێدوانێکدا لە وڵامی پرسیارەکانی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کە یەکەم: (مەبەست لە پێکهێنانی سمینارێکی لەو چەشنە لەسەر "فەرهەنگسازی لە زمانی کوردیدا" چی بووە؟) و دووەم: (ڕەخنەگرتن لە دۆخی فەرهەنگسازی لە زمانی کوردیدا چ کاریگەرییەکی دەبێ؟)، وتی:

 لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا: "مەبەست لەوەیە تیشک بخەینە سەر ڕەوشی فەرهەنگسازی لە کتێبخانە کوردییەکاندا، لەبەر ئەوەی دۆخی فەرهەنگسازی لە زمانی کوردیدا لاوازە و نوێبوونەوەی تێدا نەبووە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ڕەخنە هەیە، چەندە پێویستمان بە هەبوونی فەرهەنگێکی باش هەیە، ئەوەندەش پێویست بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە هەیە."

لە وڵامی پرسیاری دووەمدا: "دەگەڕێتەوە بۆ ئەرکی تاکەکەسی، کە ئەو ئەرکە تاکەکەسییە، دەکەوێتە ئاستێکی بەرز لە بواری زانستی و هونەرییەوە لە چوارچێوەی کاری فەرهەنگسازیدا و لەو ئەرکە تاکەکەسییەدا پێویستە یارمەتیی یەک بدەین کە ببێتە کاری بە کۆمەڵ، چون کاری بە کۆمەڵ سوودی زیاترە."