کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەسەر ژیان و خەباتی "سمکۆی شکاک" بەڕێوە چوو

13:16 - 1 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بۆ یادکردنەوە لە ژیان و خەباتی "سمکۆی شکاک" لە هەولێر بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی، ٣١ی جۆزەردان، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی لەسەر ژیان و خەباتی "سمکۆی شکاک"، بە بەشداریی ''محەممەدساڵح قادری"، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر و "هادی عەزیزی"، لێکۆڵەری مێژوویی، لە هەولێر بەڕێوە برد.

ئەم سێمینارە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی خەبات" و "یەکیەتیی جوانێن شەپێلا پێشڤەرۆ" و کۆمەڵێک لە لاوان و ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.

سێمینارەکە سەرەتا بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر "ئەژین شێخی"، بە پێشکەشکردنی بیوگرافیی "سمکۆی شکاک"، سێمینارەکەی کردەوە.

لە درێژەدا، "محەممەدساڵح قادری"، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، باسێکی لەسەر مێژووی گشتیی ژیان و خەباتی سمکۆی شکاک و بنەماڵەکەی و چۆنیەتیی سەرهەڵدانی شۆڕشی سمکۆی شکاک و هەروەها چۆنیەتیی تێرۆرکردنی ئەو ڕێبەرەی گەلی کورد، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

پاشان "هادی عەزیزی"، لێکۆڵەری مێژوویی، باسێکی لەسەر مێژووی ڕێبەرانی کورد، کە چۆن لەسەر وتووێژ تێرۆر کراون و هەروەها باسی بەلاڕێدابردنی مێژووی ڕاستەقینەی ئەو ڕێبەرە کوردە و مێژووسازیی درۆیی نەیاران، لەسەر ڕێبەرانی کورد و بە تایبەت سمکۆی شکاکی کرد.

لە کۆتاییشدا، "بێهزاد سمکۆ"، نەوەی سمکۆی شکاک و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەستخۆشیی لە بەڕێوبەرانی ئەو سێمینارە کرد و هەروەها باسێکی کورتی لەسەر مێژووی بنەماڵەکەی کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا، "هادی عەزیزی"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە وڵامی مەبەستی پێکهێنانی ئەو سێمینارە بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و زەروورەتی لێکۆڵینەوە و یادکردنەوە لە ڕێبەرانی کورد کە ئاوا شۆڕشگەلێکیان خولقاندووە لە ئێستادا چییە، وتی:

"بێگومان هەموو میللەتێک لەسەر شتە باشەکانی خۆی ڕادەوەستێت و وەبیریان دێنێتەوە و بۆ ئێمەی نەتەوەی کوردیش بەتایبەت لە قۆناغی سەرهەڵدانی مێژووی ڕۆشنبیریی نەتەوەی کورد لە دوای ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی، لە هەر دوو وڵاتی قاجاڕی و عوسمانی، لەو کاتەدا کە کوردستان کرا بە دوو پارچە، ئەم مێژووە مێژوویەکی هاوچەرخ و گرینگە و بەردی بناغەی مێژووی ڕۆشنبیریی کوردە و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی شکاک و سمکۆی شکاک ڕێک هاوتەریبە لەگەڵ ئەم زەمەنە.

بۆ ئێمە کە نەتەوەیەکین کە ئێستا لە خەباتداین و خەباتی نەتەوەیی کورد تا ئێستا بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە، وەکوو بەردەوامبوون و پێویستییەک بۆ هەنووکەی خەبات، ئێمە پێویستە هەم یادیان بکەینەوە و هەم وەبیریان بێنینەوە، مێژووەکەیان زیندوو بکەینەوە و لێکۆڵێنەوە لەسەر شێوازی ژیان و خەباتیان بکەین."

ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکەمین ڕێکخراوە لە چوار بەشی کوردستاندا کە ئاوا سێمینارێکی لێکۆڵینەوەیی لەسەر ژیان و خەباتی ڕێبەری مێژوویی کورد "سمکۆی شكاک"، بەڕێوە بردووە.