ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۱۰ی گەلاوێژ، لە کەمپی دێگەڵە لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و بە هاوکاریی یەکەی بەڕێوەریی دێگەڵە سێمینارێک لەژێر ناوی ''ڕووخانی ڕێژیمی ئێران و دواڕۆژی کورد'' بەڕێوە چوو.
ئەم سێمینارە لە دوو پانێلی ''ستراتیژیی کورد لەنێوان فدڕاڵیزم و سەربەخۆییدا'' و ''ناسیۆناڵیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات لەنێوان بەرداشی ئێرانگەرایی و ڕێبازە فکرییە جیهانییەکاندا'' لەلایان دوکتور ''هەژار ڕەحیمی'' مامۆستای زانکۆ و ''جەماڵ فەتحی'' سکرتێری یەکەیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتای سێمینارەکە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
لەو سێمینارەدا ''ناسێح خاکی'' وەکوو پێشکەشکاری سێمینارەکە بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد. دواتر''عەلی سۆرانی'' بەرپرسی یەکەی دێگەڵە چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
لە پانێلی یەکەمدا دوکتور ''هەژار ڕەحیمی'' باسێکی سەبارەت بە ''ستراتیژیی کورد لەنێوان فێدراڵیزم و سەربەخۆیی'' پێشکەشی بەشداربووان کرد.
دوکتور هەژار لە باسەکەیدا وتی: "ئەگەر ئێمەی کورد باس لە خودموختاری، فێدرالیزم یان سەربەخۆیی دەکەین ئەمە بە واتای بوونی ناهاوسەنگی و نابەرابەری لە کۆمەڵگەدایە. کاتێک کە سەیری دروشمە سەرەکییەکانی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد دەکەین زۆر جار ئاستی تێگەیشتن و هێندێک جار وا دەردەکەوێت دژ بە یەکن. بۆ نموونە خودموختاری و فێدراڵیزم ئەمە تا ئاستێک چووەتە پێشەوە کە ئەمانە بە دژی یەکتر و پێچەوانەی یەکتر وەردەگرین. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کاتێک سەیری ناوەڕۆک و هێزی هاندەری هەڵگرتنی ئەو دروشمانە دەکەین، هەمان ئەو تایبەتمەندییانەن کە سەرچاوەی هەڵگرتنی سەربەخۆیین، واتە بە دەربڕینێکی تر چ خودموختاری بێت چ فێدراڵیزم".
پاشان ''جەماڵ فەتحی'' باسێکی لەسەر ''ناسیۆناڵیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات لەنێوان بەرداشی ئێرانگەرایی و ڕێبازە فکرییە جیهانییەکاندا'' پێشکەش کرد.
ناوبراو باسی لەوە کرد: ''ستیراتیژیی هێرشبەرانە، ستراتیژیی بەرگریکارانە و ستراتیژیی پاسیڤ یان ناچالاک، کە کورد لە قۆناغێکدا ستراتیژیی هێرشبەرانەی هەبووە و لە ئێستەدا ستراتیژیی بەرگریکارانەی هەیە و لە هێماکانی کوردبوون بەرگری دەکات و هەتا ئێستە ستراتیژیی کورد تووشی ستراتیژیی پاسیڤ و ناچالاک نەبووە کە ئەم قۆناغە، کارەساتی سیاسییە''.
هەروەها جەماڵ فەتحی وتی: ''ململانێ لەنێوان لایەنگرانی پرۆژە سیاسییەکان لە خوێندنەوەی هەڵەی دۆخی کورد سەرچاوە دەگرێت، چون ئەم پرۆژە سیاسییانە پێویستی بە مەیدان هەیە کە لە ئێستەدا لەژێر دەستی داگیرکەرە''.
ئەم سێمینارە بە پرسیاری بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن دوکتور هەژار و جەماڵ فەتحی کۆتایی پێهات.