کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەژێر ناوی یادی شەهیدان و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سوئێد بەڕێوە چوو

16:54 - 14 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: سێمناری یادی شەهیدان و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سێ تەوەری جیاوازاد لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بە هاوکاریی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات و ناوەندی یەکیەتیی کوردان لە وڵاتی سوئێد، سێمینارێکی لە شاری ستۆکهۆڵم، بە بەشداری کۆڕگێران لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، دوکتور خالید خەیاتی مامۆستای زانکۆی ستۆکهۆڵم و کەسایەتی سیاسی کورد و دوکتور ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆی لینشۆپێنگ و کەسایەتی سیاسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردی نیشتەجێی وڵاتی سوئێد بەڕێوە برد.

ئەو سێمینارە لە سێ تەوەری سەرەکیی، یادی ٢٧ ساڵەی تێرۆرکرانی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکرات و ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی سەرهەڵدانەوەی ئەو خەباتە نوێیە و پێویستیی ڕاسان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە خۆووە گرتبوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لە لایەن عارف عەزیزی خوێندرایەوە.

عەزیزی لە پەیامەکەیدا، باسی لەوە کرد، ٢٢ی پووشپەڕ ئەو برینەمان دەکولێنێتەوە کە بە دەستی ڕێبەران و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە جەستەی گەلی کورد دراوە، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئاشتیخوازی و دڵپاکیی د. قاسملوو کەڵکیان وەرگرت و وتووێژ و دانوستانیان کردە وەسیلەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە گڵاوەکەیان.

پاشان پەیامی هاوبەشیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی یەکیەتیی کوردان لە وڵاتی سوئێد لە لایەن ئاشتی عەبدی خوێندرایەوە.

هەروەها پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن زانیار ئەشڕەفی خوێندرایەوە.

هەروەها چەند وتەیەک لە لایەن موژدە حەیدەری هاوسەری شەهید سەرکەوت سەمەدی و پەخشانێک بۆ یادی شەهیدان لە لایەن مەلا چەتەوە پێشکەش کران.

پاشان لوقمان ئەحمەدی کاریگەری ڕۆڵ و کەسایەتی شەهید قاسملووی گرێداوە بەو هەنگاوەی حیزبی دێموکڕات و باسی لەوە کرد لە بازنەی فکریی شەهید د. قاسملوو، چەند شتێکی تازە هاتە نێو خەباتی سیاسی کوردەوە یەک لەو شتە گرنگانە، دیاریکردنی بەهاگەلێکی سیاسی و ئەخلاقین کە نەک ڕوو بە هێزە سیاسییەکانی کورد، بەڵکوو لە بەرانبەر دووژمنەکەی و وڵاتانی داگیرکەریشدا لە چوارچێوەی پرەنسیپی تایبەتی خۆیدا بەڕێوەی دەبات. ئەوەی کە د. قاسملوو پێی وابوو کە ئەگەر کردەوەکانی شۆڕشگێڕێک دێموکرات نەبێ دوای گەیشتن بە دەسەڵاتیش ناتوانێ دێموکڕات بێت.

پاشان خالید خەیاتی مامۆستای زانکۆی ستۆکهۆڵم و کەسایەتی سیاسی کورد، باسی لەوە کرد کە سیاسەتی گشتی لە ئێراندا بە بونبەست گەیشتووە. بەو پێیەی کە بچووکترین ئاڵوگۆڕ لە ئاستەکانی سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا نایەتە کایەوە. کاتێکیش کە سیاسەت بە بونبەست دەگات ناکرێ ئێمە دەستەوەستان دابنیشین و چاوەڕێی داهاتوو بکەین. ڕیفۆرمیستەکانی ئێرانیش لێزانتر لە تووندئاژۆکانن بۆ پاراستنی خودی ئەو نیزامەی کە ئەو ڕێژیمەی بنیاد ناوە، بۆیە هیچکات ناکرێ چاوەڕوانیمان لەوان هەبێ کە هەڵگری پەیامێکی گۆڕانخوازی بن لە ئێراندا.

ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی سیاسی لەو سێمیناردەدا باسی لەوە کرد، لە ئاستی ناوخۆییدا هۆکارەکەی بڕیار و ئیرادەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکڕات بوو. بێ هیوایی لە ئاڵوگۆڕ لە خودی ڕێژیمدا، ڕیفۆرمیستەکانی ئێران \'\'ڕێژێم پارێزن\'\' تا \'\'ڕیفۆرمخواز\'\'. بەو پێیەی کە پێناسەی ڕیفۆڕم واتە گۆڕینی ڕێژیم. لە ئاستی ناوچەیی، پەل هاویشتنی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و درووستکردنی ئاژاوە و مەترسی لەسەر ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵاتانی ناوچە هۆکاری سەرەکی بوون. یەک لەو نموونانەش دەستێوەردانەکانییەتی لە وڵاتی عێراق و باشووری کوردستان.

بەشی کۆتایی ئەو سێمینارە تەرخان کرا بۆ ڕا و سەرنجی بەشداران لەسەر باسەکان کە دواتر لەلایەن کۆڕگێڕەکانەوە وەڵامیان درایەوە.

سێمینارێک
سێمینارێک لەژێر ناوی یادی شەهیدان و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سوئێد بەڕێوە چوو

سێمینارێک
سێمینارێک لەژێر ناوی یادی شەهیدان و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سوئێد بەڕێوە چوو

سێمینارێک
سێمینارێک لەژێر ناوی یادی شەهیدان و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سوئێد بەڕێوە چوو