کوردستان میدیا: سێمینارێکی تایبەت به ڕەهەندە جیاجیاکانی کۆماری کوردستان لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزەکانی ١١٥ و ١٢٢ی هێزی پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاند: ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، سێمینارێکی تایبەت به کۆماری کوردستان لە شاخەکانی کوردستان و بە بەشداریی جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها فەرماندە و پێشمەرگەکانی هێزەکانی ١١٥ و ١٢٢ بەڕێوەچوو.
ئەم سێمینارە به ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت ڕێبەرانی کۆماری کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان سدیق دەرویشی، جێگری دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە دەسپێکی سێمینارەکەدا، کورتەباسێکی سەبارەت به کۆماری کوردستان پێشکەش به ئامادەبووان کرد.
سێمیناری کۆمار لە چوار تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو کە لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزەکانی ١١٥ و ١٢٢وە بەڕێوەچوون کە بریتی بوون لە:
هەلومەرجی سیاسیی کوردستان و جیهان لەو سەردەمەدا لە لایەن هاوڕێی پێشمەرگە "شەهلا کاوە" ، بنەماکانی حوکمڕانی کۆماری کوردستان لەلایەن هاوڕێ "پێشەوا ساڵحی"، کەسایەتیی پێشەوا قازی لە لایەن هاوڕێی پێشمەرگە "ئەڤین حەکیم پوور" و هەروەها میراتی کۆمار پاش ٧٣ ساڵ لە لایەن "واحید خەلیفانییەوە" پێشکەش کرا.
لەم سێمینارەدا بە گشتی ئاماژه بە بابەتەکانی خوارەوە کرا:
لایەنە جیاجیاکانی کەسایەتیی هەڵکەوتووی پێشەوا، پەرەپێدانی زمان، فەرهەنگ و ڕۆشنبیری، پاراستنی مافی کەمینە ئێتنیکی و ئایینزاکان، پێشکەوتنخوازی و نیشتماندۆستی، یاسامەندیی حکوومەتی کوردی لە مەهاباد، پێڕەو کردنی ڕێبازی ناسیۆنالیستی، شیکردنەوەی هەندێ لایەنی تیۆری لەبارەی حکوومەتی دێموکراتیک و خەڵکی، دادپەروەری و هەروەها چەندین بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە کۆماری پڕشکۆی کوردستان.