کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێکی تایبەت بە یادی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە سلێمانی بەڕێوەچوو

17:48 - 14 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە شاری سلێمانی، سێمینارێکی بە بەشداریی چەندین کەسایەتیی سیاسی و ئاکادێمیک بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکرات، بە هاوکاریی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەسەر مێزی دانووستان و بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سێمینارێکی تایبەتی لە شاری سلێمانیدا بەڕێوە برد.

ئەم سێمینارە بە بەشداریی نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەندامانی حیزب لە شاری سلێمانی و دەوروبەری و بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بەرنامەی کاریی سێمینار و ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم سێمینارە لە لایەن "دارا ناتق"، جێگری دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبەوە، بۆ بەشدارانی سێمینارەکە شی کرایەوە.

دواتر لە لایەن "سمایل ڕەحمانی"، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری سلێمانی، بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا.

ئەم سێمینارە لە دوو پانێل پێک هاتبوو:

لە پانێلی یەکەمدا، "محەممەد نەزیف ‌قادری"، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب و بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات، باسێکی سەبارەت بە ڕەهەندە جیاجیاکانی کەسایەتیی هزری و سیاسیی دوکتور قاسملوو و دەور و ڕۆڵی ئەم ڕێبەرە مەزن و بلیمەتەی نەتەوەکەمان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و پرۆسەی دێمۆکراسی لە ئێراندا، پێشکەش کرد.

ناوبراو باسی لە هەوڵ و خەباتی دوکتور قاسملوو بۆ بەنێونەتەوەییکردنی پرسی کورد کرد و وتی: "دوکتور قاسملوو سەفیرێکی لێهاتوو بوو بۆ گەلی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و زمانحالێکی باشی نەتەوەکەمان بوو لە ڕۆژهەلاتی کوردستان سەبارەت بە مافی پێشلکراوی نەتەوەکەمان و زوڵم و جنایەتەکانی داگیرکەرانی کوردستان بۆ ڕای گشتیی جیهان".

"قادری" هەروەها وتی: "ئێستا دوای ٣٠ ساڵ لە تیرۆری دوکتور قاسملوو، دەبینین کە ڕێبوارانی ڕێگای خەباتی، بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەری و وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد لە خەبات بەردەوامن و پرۆسەی ڕاسانی خۆرهەڵات وەدیهێنەری ئەو ئامانجانەیە".

لە پانێلی دووهەمدا، "دوکتور کەیوان ئازاد"، مامۆستای زانکۆ، باسێکی تایبەتی سەبارەت بە ڕێبەرانی سیاسیی کورد لە نێوان شکست و سەرکەوتندا، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ناوبراو لە باسەکەیدا، تیشکی خستە سەر کەسایەتیی بەرزی شەهید دوکتور قاسملوو و ڕۆڵی لە ڕێکخستنەوە و بنیاتنانەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و بە یەكێک لە ڕێبەرە کاریزماتیک و شوێندانەرەکانی نەتەوەی کورد وەسف کرد.

ناوبراو هەروەها وتی: "دوکتور قاسملوو یەکێک لەو ڕێبەرە بیرمەند و ئاکادیمییەکانی نەتەوەکەمانە کە هزر و ئەندێشەکانی بوونە بە ڕێنیشاندەری ڕیگای خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن". لە بەشێکی تر لە باسەکەیدا "دوکتور کەیوان" ئاماژەی بە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی سەرکردەکانی کورد کرد و باسی لە شۆڕشەکانی سەردەمی ڕابردوو و هۆکارەکانی شکستیانی کرد.

لە کۆتاییدا، ئامادەبووان ڕا و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە مژارەکانی پێشکەشکراو خستە بەرباس .