کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستن و پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە پێتەختی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە برد.
لەم بارەوە، هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند: "لە درێژەی زنجیرە چالاكییەكانی بەشی ئاشکرای دەزگای ڕێکخستن و پێوەندییە كوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە شاری هەولێر، سێمینارێکی بەشکۆ، بە بەشداریی کۆمەڵێكی بەرچاو لە كەسایەتیی ئەكادیمی، ڕووناكبیر، نوێنەرانی حیزبە كوردستانییەكان و ئەندامانی حیزب، لە كۆمیتەی هەولێردا بەڕێوە چوو".
ئەم سێمینارە، بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، دەستی پێکرد. پاشان فیلمێكی دیكومێنتاری كە دەربڕ و نیشاندەری ڕۆڵ و كاریگەرییە فكری و كردەوەییەكانی دوكتور قاسملوو لە ڕەهەندە جیاجیاكانی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، پیشان درا.
دواتر لە لایەن "محەمەدساڵح قادری"، بەرپرسی پێوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، وتەی كردنەوی سێمینار و سپاس و پێزانینی حیزبی دێموكرات سەبارەت بە خاوەندارێتیی خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان لە ڕێبازی دوكتور قاسملوو، وەک نموونەی بەرز و پێناسەكەری مۆدێڕنی گوتاری نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی كوردستان، بەرز نرخاند و بەخێرهاتنی هەموو بەشداربووانی سێمینارەكەی كرد.
ئەم سێمینارە لە دوو پانێلدا، لە لایەن "پەرویزڕەحیم قادر"، مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر و دوكتور "ئەكرەم مێهرداد"، مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی، بەڕێوەچوو.
"پەرویز ڕحیم قادر"، باسێكی سەبارەت بە چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ خوێندنەوەی بنەماکانی هزری سیاسیی دوکتور قاسملوو، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بە تێڕامان و لێوردبوونەوە و خوێندنەوەی بەرهەمە سیاسییەکان و تەنانەت لێدوان و ئەکتە سیاسییەکان، بەپێی قۆناغەکانی ژیانی دوکتور قاسملوو دەردەکەوێت کە دوکتور قاسملوو هەم ئایدیالیست و ئەخلاقگەرایە و پرەنسیپتەوەرە، هەمیش لە مەیدانی سیاسەتدا، ڕێئالیست و بە شێوەیەکی بەرچاو پراگماتیستە. بۆیە ناکرێت دوو تیۆری و قوتابخانەی هزری سیاسی واتا ڕێئالیزم و ئایدیالیزم پێکەوە کۆ بکرێتەوە، چونکە کێشە و گرفتی بوونناسانە و مەعریفەناسانە و میتۆدۆلۆژیمان بۆ دروست دەکات.
ناوبراو هەروەها وتی: "دوکتور قاسملوو لەو باوەڕەدا بوو کە هەرگیز خەبات بۆ دێموکراسی نابێت بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی و خەباتی چینایەتی".
لە پانێلی دووهەمدا، "دوکتور "ئەکرەم مێهرداد"، باسێکی لەژێر ناونیشانی دوکتور قاسملوو و سوسیالیزمی دێموکراتیک، پێشکەش کرد.
ناوبراو لە باسەکەیدا وتی: "باسکردن سەبارەت بە سوسیالیزمی دێموکراتیک، وەکوو مەرزبەندی و ئەلترناتیڤی سوسیالیزمی مەوجوود لە سەردەمی سۆڤیەتدا، لەبارەی ئازادی و دادی كۆمەڵایەتی، ناوەرۆکی سیاسی و ئابوورییەكەی خۆی لە مۆدێلی سوسیال دێموكراسیی مەوجوود نزیک دەبینێتەوە. هەر بۆیە دەبینین لەو سەردەمەدا هیچ حیزب و ڕێکخراوێک ناتوانێت بەرنامەیەکی پێشکەوتووتر لە حیزبی دێموکرات دابنێت كە خەباتی میللی- دێموكراتیک و دادی كۆمەڵایەتی لێک گرێ بدات كە لە قۆناغی پاش وەرگرتن و دابینکردنی مافی نەتەوایەتیدا، ستەمی چینایەتیی خۆی دەردەخات و خەبات دژی ئەو ستەمە ئەساسیتر دەبێت".
ناوبراو باسی لەوە کرد کە دوکتور قاسملوو هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەوەی بۆ حیزبی ئێمە هەموو وەختێک لە هەمووان ئەساسیترە، چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە دەرەوە، خەبات بۆ دێموکراسییە.
لە بەشی كۆتایی سێمینارەكەدا، "دارا ناتق" بەرپرسی ڕێكخستنی ئاشكرای حیزب، وێڕای سپاس لە مامۆستایانی پێشكەشكەری باسەكانی سێمینار و جەختکردنەوە لە درێژەدانی خەبات لە لایەن نەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانی دوكتور قاسملوو، وتی بیر و ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو، ئەمڕۆ بوونەتە چرای ڕێگای خەباتمان و دروشمی "قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، بووەتە ڕەمزی خەبات بۆ لاوانی شوڕشگێڕی کوردستان و هاوكات تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی شەرمەزار و مەحكووم كرد.