کوردستان میدیا: کۆمیته‌ی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له نۆروێژ سێمینارێکی ته‌شکیلاتی، به به‌شداریی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بۆ ئه‌ندامانی حیزب له‌و وڵاته به‌ڕێوه برد.
رۆژی شه‌ممه ڕێکه‌وتی ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ زایینی، کۆمیته‌ی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ، سێمینارێکی ته‌شکیلاتی به به‌شداریی مسته‌فا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بۆ ئه‌ندامانی حیزب له‌و وڵاته به‌ڕێوه برد.
سێمیناره‌که به سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب و خوله‌کێک بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شه‌هیدان ده‌ستی پێ کرد.
پاشان مسته‌فای هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، باسێکی گشتی سه‌باره‌ت به دۆخی ناله‌باری ئێران له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا و هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌شه‌ی زیاتری خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی هێزه سیاسییه‌کان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک هاوخه‌باتیی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه به ناوی خه‌باتی شاخ و شار، پێشکەشی به‌شدارانی ئه‌و سێمیناره کرد.
لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، ئاماژه‌ی به ڕۆڵی ئه‌رێنیی ڕاسان و پێویستیی بوونی پێشمه‌رگه له نێو خه‌ڵکی خۆیدا کرد و هاوخه‌باتی و هاوکاریی خه‌ڵکی کوردستان لەگه‌ڵ پێشمه‌رگه له شكڵی خه‌باتی شاری به‌رز نرخاند.
هیجری له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا قورسایی خسته سه‌ر باسی سیستم و پێکهاتەی تازه‌ی حیزب په‌سندکراو لە کۆنگره‌ی شازده کرد و به سیستمێکی وڵامده‌ر بۆ قۆناغی ئه‌مڕۆی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییی حیزبه‌که‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌سف کرد و گه‌شبین و واقیعبینانه له ئێستا و داهاتووی ئه‌و شێوه خه‌بات و تێکۆشانەدا بۆ به‌شداران دوا.
له کۆتاییدا لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، وڵامی پرسیاری ئاماده‌بووانی دایه‌وه، که چالاکانه پێشنیار و بۆچوونی خۆیان له‌و سێمیناره‌دا خسته ڕوو.