کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆر لیندزی گراهام: ڕێژیمی ئێران جەنایەتکارترین ڕێژیمی سەر گۆی زەوییە

13:07 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیتەی قەزایی سێنای ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە جەنایەتکارترین ڕێژیمی جیهان ناو بردووە.

"سێناتۆر لیندزی گراهام"، سەرۆکی کۆمیتەی قەزایی سێنای ئامریکا، لە وتووێژێک لەگەڵ فاکس نیوزدا وتوویەتی: "ململانێیەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت، ئەگەر ئەم ڕێژیمە لە هەڕەشەکانیدا بەردەوام بێت و دیسان لە هێڵی قەیراناوی نزیک ببێتەوە. هەروەها ئەگەر بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی دەست پێ بکاتەوە و بییەوێت چەکی ناوکی ساز بکات، ئیسرائیل پێی دەزانێت و پیش بەم کارەی دەگرێت."

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە باشترین کارێک کە ترامپ دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە پێش بەم کارەی ڕێژیمی ئێران بگرێت و تێی بگەیەنێت کە ڕێگای پێ نادەن دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

"گراهام"، بە لێکدانەوەی هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران، بە جەنایەتکارترین ڕێژیمی جیهانی ناو بردووە و وتوویەتی: "ئێران بە دوای ئەوەیە کە کەلێن بخاتە نێو ئورووپا و ئامریکاوە، هەروەک هیچ کەسێک نایەوێت ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی بگات و کەشتی و بۆرییەکانی نەوت بتەقێندرێنەوە، هیچ کەسێکیش نایەوێت لەگەڵ ئێراندا شەڕ بکات، ئەگەر کەسێک پێش بەم کارە نەگرێت، ئەم ململانێیە شەڕێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە و ئەو کەسەش کە دەبێت ئەم کارە بکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە."

ئەم سێناتۆرە ئامریکاییە، لەسەر هێڵی سووری خۆی وتوویەتی: "هێڵی سووری من ئەوەیە کە ئەگەر جارێکی دیکە لە گەرووی هورمۆز، لە گواستنەوەی نەوتدا، بشێوی و کارێکی تێکدەرانە بێتە ئاراوە و ئێران دەستی تێدا بێت، دەبێت هێزە دەریاییەکانیان لەنێو بچێت و پاڵاوگەکانیشیان بۆردمان بکرێت.