کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆر "مارکۆ ڕوبیۆ" پشتیوانی خامنەیی لە ماشینی شەڕی پۆتینی مەحکووم کرد

18:52 - 4 گەلاوێژ 2722

سێناتۆر "مارکۆ ڕوبیۆ" ئەندامی کۆماریخوازی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پشتیوانی "عەلی خامنەیی" لە ڕووسیەی مەحکووم کردووە  ووتوویەتی: "ئایەتوڵا خەریکی ئەوەیە سووتەمەنی بۆ ماشینە شەڕکەرەکانی پۆتین بنێرێت و هاوکات بەو شەڕە نادادپەروەرانەیەدا هەڵدەڵێت، شەڕێک کە بووەتە هۆی کوشتنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی بێتاوانی ئۆکراین".

"ڕۆبیۆ" هەروەها بە ڕەخنەگرتن لە "بایدن" سەبارەت بە هەوڵی گەڕانەوە بۆ بەرجام لەباتی جێبەجێکردنی سەپاندنی گەمارۆ یاساییەکانی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە دژی بەرنامەی دڕۆنیی ڕێژیمی ئێرانن، وتوویەتی: "ئەو سیاسەتی قان پێدانە تەنیا ڕێژیمێکی تێرۆریستی دژە ئامریکایی لەخۆباییتر دەکات و پیلانەکانی بۆ گەیشتن بە پێگەی ناوکی خێراتر دەکات".

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی سەفەری "پۆتین" سەرکۆماری "ڕووسیە" لە ٢٨ی پووشپەڕ بۆ "تاران"، هێرشی ئەو وڵاتەی بۆ سەر "ئۆکراین" بە شەڕێک ناو برد کە پێش بە پەیمانی ناتۆ دەگرێت و دەسپێشخەری "مۆسکۆ"ی لەو بوارەدا بەرز نرخاند.