کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆر کرووز: ئێران دوژمنی ئامریکایه

23:54 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سێناتۆرێکی کۆماریخواز وێڕای ئەوەی کە ئێرانی به دوژمنی ئامریکا ناو بردووە، باسی لەوە کردووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەبێت ئامادە بێت لە هێزی نیزامیی ڕووخێنەر بەرانبەر بە ئێران کەڵک وەر بگرێت.

تێد کرووز، سێناتۆری ئامریکایی لە ئاخافتنێکدا، لە دامەزرواەی ئەمریکەن ئینتێرپرایز، وتوویەتی: "ئێران دوژمنە، ئەگەری ئێرانی تەیار به چەکی ناوکی، گەورەترین هەڕەشەی ئەمنییەتی نیشتمانییە کە ئامریکا و سەرتاسەری جیهان لەگەڵی بەرەوڕووە".

ناوبراو باسی لە هاندانی ترامپ بۆ هاتنەدەرەوە لە بەرجام وەکوو کارەساتبارترین ڕێککەوتنی ئۆباما لەگەڵ ئێران کردووە و ئەمەی به گرینگترین هەنگاو لە پێناو ئەمینیەتی نیشتمانی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ناو بردووە.

ناوبراو لە قسەکانیدا هەروەها ڕایگەیاندووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەبێت ئامادە بێت لە هێزی ڕووخێنەری نیزامی دژ به دوژمنی خۆی واتە ئێران کەڵک وەر بگرێت، بەڵام پێویستە لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی تەکووزی بکات.

کرووز، هەروەها وتوویەتی: "ئەگەر بزانین کە خامنه‌یی لە بەرەبەری دەستپێڕاگەیشتن به چەکی ناوکییەـ کە من لەسەر ئەو بڕوایەم کە زێدەخوازییەکانی ئەو لەم بارەوە درێژەی هەیەـ دەبێ ئامادەی کەڵکوەرگرتن لە هێزی نیزامیی ڕووخێنەر بین، هەتا دڵنیا بین که ئەو کارەی ڕێژیمی ئێران سەر ناگرێت."

ئەم سێناتۆرە ئامریکاییە هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئەگەر بچینە قۆناغی دەرگیری نیزامییەوە، ئامانجی ئێمە نابێت لەشکەرکێشی و هەوڵ بۆ گۆڕینی ئێران به وڵاتێکی دێموکراتیک بێت، بەڵکوو دەبێ ئامانج بەرگری لە ئامریکا و پێشگرتن له ئێرانێکی ناوکی بێت".