کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ سێناتۆری ئامریکا داوای لێکۆڵینەوە سەبارەت بە چالاکییەکانی "نایاکـ"ـیان کردووە

18:08 - 25 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ٣ سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە نووسینی نامەیەک بۆ بەرپرسی دادگوستەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، داوای لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی "نایاکـ"ـیان کردووە.

"تام کاتن، تێد کرووز و مایک براون"، ٣ سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دادگوستەریی ئامریکا، داوای لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی "شۆرای نەتەوەیی ئێرانییەکانی ئامریکا" ناسراو بە "نایاکـ"ـیان کردووە.

ئەو شۆرایە بە پڕوپاگەندە و لابیگەری بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تاوانبارە.

ڕۆژنامەی "جێرۆزالێم پۆست"، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، لە زاری سەرچاوەیەکی ئینگلیسی و وێبسایتی "واشێنتۆن بیکێن"، هەواڵی ناردنی ئەو نامەیەی بۆ "ویلیام بار"، بەرپرسی دادگوستەریی ئامریکا، لەلایەن ئەو ٣ سێناتۆرە کۆماریخوازەوە بڵاو کردەوە.

لەو نامەیەدا هەروەها داوا کراوە کە جگە لە چالاکییەکانی "نایاک"، لێکۆڵینەوە لەسەر چالاکییەکانی گرووپێکی گرێدراوی ئەو شۆرایەش، بە ناوی "نایاک ئەکشن" بکەن.

شۆرای نەتەوەیی ئێرانییەکانی ئامریکا (نایاک)، خۆی وەکوو ڕێکخراوێکی "ناحوکمی" و "بێ لایەن"، ناساندووە و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئامریکای وەک ئامانجی خۆی ڕاگەیاندووە.

ئەو ٣ سێناتۆرە ڕایانگەیاندووە، "نایاک" بەشێوەی کردەیی، کار بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی سیاسیی ئامریکا دەکەن و هەروەها هاوڕێ و هاوئاهەنگ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکەن.

پێشتریش، ئیدارەی فێدێراڵی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە "نایاک" بە کردەوە، لابیگەری بۆ ڕێژیمی ئێران دەکات.