کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ سێناتۆری کۆماریخواز لە بڕیارنامەیەکدا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دەربڕی

11:55 - 7 رەشەمه 2720

سێناتۆر ''تام کاتێن'' و زیاتر لە ٤٠ نوێنەری کۆماریخواز لە ئامریکا بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک دژایەتیی خۆیان لەگەڵ هەرچەشنە هەوڵێک لە ڕاستای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دەربڕی.

ئەم دژایەتییەیانە کێشەکانی بەردەمی دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' لە گەڕانەوە بۆ بەرجام دەخاتە ڕوو.

هەواڵدەریی بلۆمبێرگ نووسیویەتی: ''ئەم بڕیارنامەیە هەرچەشەنە کەمکردنەوە یان هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان یان ئەگەری دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە سیستیمی ماڵیی ئامریکا ڕەت دەکاتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەوە داکۆکی دەکەن کە ئامریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی دەبێ گەمارۆکان هەڵوەشینێتەوە و لەم دوایانەدا لەگەڵ ئاژانسی نێونەتوەیی وزەی ناوکی بە شێوەی کاتی ڕێک کەوتوون کە هەتا ٣ مانگی داهاتوو ڕێژەی دەستپێڕاگەیشتنی چاوەدێرانی ئاژانس بە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران کەم ببێتەوە.

لە بڕیارنامەی ئەو ٤٠ سیناتۆرە هاتووە: ''ئامریکا دەبێ هەتا ئەوکاتەی کە ئێران لە ئامانجە ناوکییەکان و پشتیوانیی لە ئاژاوە و کردەوە تێرۆریستییەکان دەست هەڵنەگرێت، گەمارۆکان وەکوو خۆیان بمێننەوە، ئێران لە سیاسەتە لاوازەکانی ''ئۆباما'' کەڵکی وەرگرت و ئێستا نابێت ئەو هەڵانە دووپات بکرێنەوە''.

''تام کاتێن'' پێش لە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوکی بەنیسبەت ڕۆڵی کۆنگرە هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دابوو کە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە بە پەسەندی کۆنگرە نەگات، سەرکۆماری داهاتوو دەتوانێ ڕێککەوتنەکە هەوڵوشێنێتەوە، هەر وەک چۆن ترامپ لە بەرجام هاتە دەرەوە.