کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرێکی ئامریکا داوای لە تویتێر کرد کە دانی خزمەتگوزاری بە "خامنەیی" و "زەریف" ڕابگرێت

10:55 - 19 رێبەندان 2719

سێناتۆر "تێد کروز" لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ "جەک دۆرسی"، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تویتێر، داوای لە ناوبراو کردووە کە دانی خزمەتگوزاری بە "خامنەیی" و "زەریف" ڕابگرێت.

لەو نامەیەدا داوای لە "دۆرسی" کردووە کە کۆمپانیای ناوبراو کۆتایی بە چالاکیییەکانی خامنەیی و زەریف بێنێت و هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ئەو دوو کەسە نەخاتە بەردەست.

"عەلی خامنەیی و محەممەدجەواد زەریف"، لەلایەن ئامریکاوە دژیان گەمارۆ پەسەند کراوە.

سێناتۆر "تام کاتێن، مارشا بلەکبێرن و مارکۆ ڕۆبیوو"، پشتیوانییان لە داواکاریی سێناتۆر "تێد کروز" کردووە.

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بەنیسبەت ئەوەیکە تویتێر بۆ خەڵکی ئێران فیلیتێرە بەڵام "زەریف" کەڵکی لێ وەردەگرێت، ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو.

لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسنتاگرام، تویتێر، فەیسبووک و یووتیووب، بەهۆی پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی ئەو کۆمپانییانە لەلایەن ڕێژیم و کاربەدەستەکانیەوە، چەندین پۆستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان سڕیوەتەوە و زیاتر لە سەدان لاپەڕە و کەناڵی تایبەت بە ڕێژیم و کاربەدەستەکانیان ڕەش کراونەتەوە.