کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرێکی دێموکراتەکان: ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمه

17:43 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: "تێد دویچ" یەکێک لە سێناتۆرە دێموکراتەکانی کۆنگرەی ئامریکا، نیسبەت بە دزەکردنی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا و هەروەها پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە تێرۆریزم هۆشداری دا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گەڵاڵەی یارمەتیی ئەمنییەتیی پێشکەوتووی ئامریکا بە ئیسرائیل لە کۆمیتەی نوێنەرانی ئامریکا کە لە لایەن دوو حیزبی کۆماریخوازەکان و دێموکراتەکان پێشنیار کرابوو پەسند کرا.

ئەو گەڵاڵەیە بە شێوەی هاوبەش لە لایەن "تێد دویچ" سێناتۆری دێموکراتەکان و "ئیلینا راس لتێنین" سێناتۆری کۆماریخوازەکانەوە پێشنیار و لە لایەن کۆمیتەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکاوە پەسند کراوە.
ئامانج لەو گەڵاڵەیە بەهێزکردنی هاوکارییە ستراتێژییەکانی نێوان ئامریکا و ئیسرائیله و ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیە دابین کردنی بەشی ماڵیی نیزامی ئیسرائیلە.

"ئێلینا راس لتێنین" سێناتۆری کۆماریخوازەکان جەختی کردووەتەوە کە دۆستایەتی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل بە قازانجی هەمووانە و ئیسرائیلێکی بەهێز بە قازانجی هەموومانه.

هاوکات "تێد دویچ" سێناتۆری دێموکراتەکانیش لەبارەی هەڕشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل باسی لەوە کرد، ئەو حەوتوویە ئێمە شایەتی ئەوە بووینە کە ڕێژیمی ئێران دەستێوەردانەکانی خۆی لە سووریه زیاتر کردووە و ئەو ڕێژیمە بە هەموو هێزەوە پاڵپشتی لە تێرۆریزم دەکات.

ئەو گەڵاڵەیە به بڕی ٣ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن دۆلار لە ساڵدا بەراورد کراوە و بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەپێی ڕێککەوتنی ئامریکا و ئیسرائیل، دەدرێتە وڵاتی ئیسرائیل.

شەڕ و هەڕشە راستەقینەکانیی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە.