کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرە کۆماریخوازەکان: ڕێژیمی ایران لە بەرجام بۆ دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم کەڵک وەردەگرێت

12:30 - 8 جۆزەردان 2721

لە حاڵێکدا هەوڵەکانی دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ناسراو بە بەرجام، لە گەڕدایە، دژایەتییەکان لە ئامریکا بەنیسبەت گەڕانەوەی بێ‌مەرج بۆ ئەو ڕێککەوتنە بەرزتر بووەتەوە.

''ڕیک ئێسکات'' سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی فلۆریدا بە ڕخنەگرتن لە بەرنامە نێوخۆییەکانی ''جێنت یێلێن'' وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا لە تویتێر نووسیویەتی: ''ئێستا دەتانهەوێت گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران لا ببەن؟ ڕێژیمێک کە یارمەتیی تێرۆریستەکانی حەماس دەدات و دەیهەوێت ئیسرائیل لەنێو ببات و دژی ئامریکا ئامریکایە؟ ئێوە چاوەکانتان لەسەر ڕاستییەکان بەستووە''.

''یێلێن'' ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان وتبووی کە لە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ناوکی و پێبندبوون بە بەڵێنییەکان، واشنتۆن گەمارۆکان دادەبەزێنێت.

لەو پێوەندییەدا ٢٤ یاسادانەری ئامریکایی لە حیزبی کۆماریخواز لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕوو لە جۆ بایدن دژی گەڕانەوە بۆ بەرجام هۆشدارییان دا.

لە بەشێک لە نامەی یاسادانەران هاتووە: ''هەموو دەزانن کە ئێران بەشێوەی بەردەوام مافی خەڵکی خۆی پێشێل دەکات، پشتیوانی ماڵیی تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لەوەشە... ڕێک بەو هۆکارەیە کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ساڵی ١٩٨٤ ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی تێرۆریزم ناساندووە''.

یاسادانەرانی ئامریکایی لە کۆتایی نامەکەی خۆیان جەختیان کردەوە کە بە لابردنی گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان لەسەر ئێران، ئەو ڕێژیمە زیاتر یارمەتیی گرووپی حەماس و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە دەدات.