کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین باری سووتەمەنیی ڕێژیمی ئێران بۆ لوبنان گەیشتە کەنداوی "سۆئێز"

11:11 - 10 رەزبەر 2721

"تانکێر تەرکێرز" شیرکەتی بەدواداچوونی نەوتهەڵگرەکان، ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەر ڕایگەیاند، نەوتهەڵگرێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان چووه لە دەریای "سوور"ەوە گەیشتووەتە کەنداوی "سۆئێز".

"تانکێر تەرکێرز" بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کەشتییە کە هەڵگری باری سووتەمەنی لە "ئێرانـ"ـەوە بووە لە سیستمی ناسینی خودکار (AIS) بۆ جارێکی دیکە بیندراوەتەوە و ناوی کەشتییەکە "فۆرچۆنـ"ـە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو بارە نەوتەی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای بەندەری "بانیاس" لە سووریە و لەوێ لەلایەن حیزبوڵڵاوە دەچێتە لوبنان.

"تانکێر تەرکێرز" بڵاوی کردووەتەوە، سێ نەوتهەڵگری "فاکسۆن"، "فارست" و "فۆرچۆن" ساڵی ڕابردووی زایینی باری سووتەمەنییان لە" ئێرانـ"ـەوە ناردووەتە ڤێنێزۆئێلا.

هاوکات میدیاکانی سەر بە حیزبوڵڵا وتوویانە، حەوتەمین کاروانی بارهەڵگری گازۆئیل لە ئێران که پێکهاتووە لە ٣٥ تانکێر لە بەندەری "بانیاسـ"ـی سووریە ڕادەستی حیزبوڵڵا کراوە و براوەتە لوبنان.