کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێئول بە جێگای پارە دەرمان بۆ تاران دەنێرێت

18:13 - 12 گەلاوێژ 2720

کۆرەی باشوور لەبەرامبەر قەرزە نەوتییەکانی ئێران دەرمان بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت و لەو پێوەندییەدا کۆمیتەیەکی تایبەتیان بۆ پەرەپێدانی مامەڵە لەو بوارەدا پێک هێناوە.

کۆرەی باشوور بە جێگای پارەی نەوت، کیتی تاقیکاریی کۆرۆنا، کوتانی ئانفوڵانزا و دەرمانی دژە چڵک بۆ ئێران دەنێرێت.

بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا دژی تاران، نزیکەی ٧ میلیارد دۆلار لە داراییەکانی نەوتی ڕێژیمی ئیران لە بانکەکانی کۆرەی باشوور بلۆکە کراوە و دەوڵەتی سێئول ئامانجی ئەوەیە بە جێگای پارە، دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بەشێک بە ئێران بدات.

هەتا ئێستا چەندین جار بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە کۆرەی باشوور کردووە کە پارە بلۆکەکراویان ڕادەست بکەنەوە و کۆرەی باشووریش لە کاردانەوە بەم هەڕەشانە باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لەو وڵاتە بانگهێشت کردووە.

بەشێکی زۆر لە داهاتی نەوتی ڕێژیمی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا لە وڵاتانی ئاسیایی کە کڕیاری نەوتی ئێران بوونه بلۆکە کراوە و ڕێژیمی ئێران تەنیا دەتوانێت لە بەرامبەر ئەو پارەیە خۆراک و دەرمان لەو وڵاتانە هاوردە بکات.