کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێیەمین خەڵاتی "باشوور" بە "عەلی ئولفەتی" و "ڕەهبەر مەحموودزادە" بەخشرا

12:43 - 27 سەرماوەز 2721

شورای ڕاوێژکاری ناوەندی فەرهەنگی و چاپەمەنیی "باشوور"، سێیەمین خەڵاتی ئەدەبیی خۆی، دوای هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی ٥٦ نووسەر، شاعیر، ڕۆژنامەوان، وەرگێڕ و چالاکی بواری ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردی، پێشکەش بە د. "عەلی ئولفەتی" و د. "ڕەهبەر مەحموودزادە" کرد.

د. "عەلی ئولفەتی" لە بەشی ئەدەبیاتی داهێنەرانە (شێعر و چیرۆک) و د. "ڕەهبەر مەحموودزادە" لە بەشی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی، توانییان سێیەمین خەڵاتی ناوەندی فەرهەنگی و چاپەمەنیی "باشوور" بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

د. "عەلی ئولفەتی" لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە سەرپێڵ زەهاو، لە شاعیران و نووسەرانی ناسراوی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ناوبراو خاوەن بڕوانامەی دوکتورای فەلسەفەی هونەرە و تا ئێستا ١٥ کۆمەڵە شێعر و چیرۆکی بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاو کردووەتەوە.

د. "ڕەهبەر مەحموودزادە" لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لە شنۆ، خاوەن دوکتورای فەلسەفەی زانستە و مامۆستای زانکۆیە. لە ناوبراو تا ئێستا چەندین کتێب، یادداشت و وتار بڵاو کراوەتەوە.

ساڵی پێش خەڵاتی "باشوور" پێشکەش بە "زاهر سارایی و فەرهاد شاهمورادیان" لە شاعیران و چالاکانی ئەدەبیاتی کوردی کرابوو.