کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەد نوینەری کۆماریخوازی کۆنگرێسی ئامریکا خوازیاری ڕاگرتنی دانووستانەکانی "ڤییەنـ"ن

11:29 - 23 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٠، زیاتر لە سەد نوێنەری کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا لە نامەیەکدا داوایان لە "جۆ بایدن"، سەرکۆماری ئەو وڵاتە کردووە کە دانووستانەکانی "ڤییەن" ڕابگرێت و چیدی بە ڕێژیمی ئێران(قان) ئیمتیاز نەدەن.

ماڵپەڕی کۆنگرەی ئامریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە زیاتر لە سەد نوێنەری کۆماریخوازی کۆنگرێسی ئەو وڵاتە نامەیەکیان ڕادەستی "ئانتۆنی بلینکێن"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا داوە و داوایان لە دەوڵەتی ئامریکا کردووە تاکوو دانووستانەکانی "ڤییەن" ڕابگرن و هەموو ئەو گەمارۆیانەی لە سەردەمی "ترامپ" دژی ئێران پەسەند و جێبەجێکران وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن.

لە نامەکەدا هاتووە کە هەموو بەڵگە و ڕاپۆرتەکان ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێن کە ڕێژیمی ئێران سوورە لەسەر ویستەکانی خۆی و درێژەی بە پیتاندنی ئورانیۆم بە ڕێژەی ٢٠ و ٦٠ لەسەد داوە و ئێران تەنیا بۆ ئەوە هاتووەتە سەر مێزی دانووستان تاکوو قان وەربگرێت.

بە وتەی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئامریکا، پێویستە دەوڵەتی "بایدن" بە لابردنی گەمارۆکانی چیدی بە ڕێژیمی ئێران دەرفەت ندات کە پیلانەکانی پێش ببات.