
شەوی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ لەسەر ٢١ی خاکەلێوە، سەدان هاووڵاتیی عێراقی لەبابەت داخرانی دەروازەی سنووریی شەلەمچە و هاوردەنەکردنی خۆراک و شتومەک، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای کرانەوەی دەروازەکەیان کرد.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ڕێکخراوی دەروازە سنوورییەکانی عێراق داخرانی دەروازەی سنووریی "شەلەمچە"ی ڕەت کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە وەستانی هاوردەی شتومەک بەو دەروازەیەدا بەهۆی نەبوونی مۆڵەتنامە لەلایەن هاوردەکارەکانەوەیە.
سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی لەوبارەوە وتوویەتی کە چەند کاتژمێر دوای کۆبوونەوەی خەڵکی ناڕازی شتومەک و خۆراکێکی زۆر بەو دەروازەیەدا هێندراونەتە ژوورەوە.
لەو پەیوەندییەدا "حەبیب کازم" بەرپرسی دەروازەکە وتوویەتی کە ناڕازییان بێ هیچ زیان و خەسارەتێک، دەروازەکەیان بەجێ هێشتووە.
ئەو ناڕەزایەتییە کاتێک دروست بووە کە خۆراک لە بازاڕەکانی عێراقدا کەمی کردووە و نرخی شتومەک و پێداویستییەکان بەرز بووەتەوە.