کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان کەسایەتی داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە لەبارەی ئێعدامەکانی ٦٧ و ڕۆڵی ڕەئیسی لەو جینایەتەدا لێکۆڵینەوە بکات

11:25 - 8 رێبەندان 2721

سەدان کەسایەتی نێونەتەوەیی وەکوو دادوەران و لێکۆڵەرانی پێشووی ناوەندەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ''میشێل باشلە'' کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوە کردووە کە لەبارەی کۆشتاری بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی لە ئێران لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی و ڕۆڵی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لێکۆڵینەوە بکات.

ئەو نامە سەرئاوەڵەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان بڵاو بووەتەوە، لەلایەن ٤٦٠ کەس وکوو ''ڕیکاردۆ لاگۆس ئێسکۆبار'' سەرکۆماری پێشوووی شیلی، ''ژاک سانتێر'' سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوگزامبۆرگ و ''سانگ هیون سونگ'' سەرۆکی پێشووی دادگای کەیفەریی نێونەتەوەیی واژۆ کراوە.

لەو نامەیەدا هاتووە کە دادستانەکان لە ئێران هەروا لە مافی پارێزراوی بەهرەمەندن، ئەوانە کەسانی وەکوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری ئێستای ڕێژیمی ئێران و ''غوڵام حوسێن مۆحسینیی ئێژەیی'' سەرۆکی دەزگای دادی ئەو ڕێژیمە لەخۆ دەگرێت.

ئەو نامەیە لەلایەن گرووپی ''عەداڵەت بۆ قوربانییانی کوشتاری ساڵی ١٣٦٧ لە ئێران'' کە لە بریتانیایه نووسراوە و ڕوونووسێک لەو نامەیە بۆ شورای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان نێردراوە.

لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بواری ئەشکەنجە و وەزیرانی پێشووی ئوسترالیا، بێلژیک، کانادا، ئیتالیا، کۆزڤۆ و لەهستان لەو کەسانەن کە ئەو نامەیەیان واژۆ کردووە.