کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان گەنجی عێراقی لە خۆپیشاندانێک لە بەغدا سەرەڕای چاکسازی لەو وڵاتەدا داوای بنبڕکردنی دەستێوەردانەکانی ئێرانیان کرد

11:57 - 10 رەزبەر 2721

خەڵکی عێراق بە تایبەت گەنجەکان ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەر، بۆ زیندووڕاگرتنی دووەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە و ڕێزگرتن لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان لە مەیدانی تەحریری بەغدا ڕژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان کرد و بە سەردانی دروشم داوای ئاڵوگۆڕ و چاکسازییان لەو وڵاتەدا کرد.

ئەو خۆپیشاندانانە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراق بڕیارە دوو حەوتووی دیکە بەڕێوە بچێت.

خەڵکی عێراق داوا لە حکوومتی ئەو وڵاتە دەکەن کە پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بگرن، ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەشێکی زۆر لە کێشەکانی عێراق بۆ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا خەڵک ئەو دروشمەیان دا کە وادەی ئێمە ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران چیدیکە نابێ بەسەر ئێمەدا حکوومەت بکات.

هەروەها خۆپیشاندەران سەرەڕای ئەوەیکە داوای چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی لەو وڵاتەیان دەکرد، داواکاری ئەوەش بوون کە بکوژانی خۆپیشاندەرانی ساڵی ٢٠١٩ بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

لە خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵ لەمەوبەری عێراق نزیک بە ٦٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی کوژران و ٣٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.

هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیاریەتیی کوژرانی خەڵکی ناڕازییان وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام خۆپیشاندەران دەڵێن کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بکەری کوشتنی خەڵک بوون.