کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرانی حیزبوڵڵای لوبنان وەکوو تێرۆریست ناسێندران

18:37 - 27 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا و چەندین وڵاتی عەرەبی، ناوی ڕێبەرانی ڕێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنانیان لە لیستەی پێوەندیدار بە تێرۆریستانی جیهان تۆمار کرد.

ئامریکا و شەش وڵاتی عەرەبی (ئەندامی ناوەندی پێشگیری لە دابینکردنی داراییی تیرۆریستان)، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، حەسەن نەسروڵڵا، کەسی یەکەمی حیزبوڵڵای لوبنان و شێخ نەعیم قاسم، جێگری ناوبراویان خستووەتە لیستەی گەمارۆوەکانی خۆیانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی، بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئەندامانی ڕێبەریی حیزبوڵڵایان وەکوو تێرۆریست دەستنیشان و بە خشتەی تێرۆریستە مەترسیدارەکانی جیهانیان زیاد کردوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، گەمارۆ خستنە سەر ئەو کەسانە بەپێی بڕیاری ١٣٢٢٤ی ناوەندی پێشگیری لە دابینکردنی داراییی تێرۆریستان بووە، کە ئەو پەسندکراوەیە، تێرۆریستان و ئەو کەسانەی کە هاوکار و پاڵپشتی ماڵیی تێرۆریستان دەکەن، لەخۆ دەگرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، وەلیۆڵڵا سەیف، بەرپرسی باڵا بانکی ناوەندیی ڕێژیم، بەرپرسێکی پلەبەرزی دیکەی بانکی ناوەندیی ئێران، سێ بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان و هەروەها بانکی "ئەلبیلاد"ی عێراقیان بە هۆی پشتگیرییان لە تێرۆریستان و هاوکاریکردنیان لەگەڵ سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، بە تاوانبار ناساند و لە ڕیزبەندی گەمارۆوەکانی خۆی خستوون.

حیزبوڵڵای لوبنان ساڵی ١٩٩٧ی زایینی، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە و لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینی بەملاوە، بەردەوام چەندین گەمارۆی جۆراوجۆر بەسەری سەپێندراوە.