کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی ''زەریف'' بۆ عێراق ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە

13:22 - 30 پووشپەڕ 2720

خەڵکی عێراق کە ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی ناسقامگیری و دۆخی خراپی ئەو وڵاتە دەزانن، بەنیسبەت سەردانی ''محەمەد جەواد زەریف'' بۆ عێراق، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

زۆرێک لە چالاکانی عێراقی بەنیسبەت سەردانی ''محەممەد جواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ عێراق، بە وەگەڕخستنی هەشتەگی ''زەریف بەخێر نەهاتی بۆ عێراق'' کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، ناڕزایەتییان دەربڕی.

هەروەها لە بەغدا بەنیسبەت سەردانی زەریف بۆ ئەو وڵاتە لەلایەن خەڵکی ئەو شارەوە کۆبوونەوەی ناڕزایەتی بەڕێوە چوو و خەڵک بە دروشمی ''بڕۆ دەرەوە'' دژکردەوەی خۆیان نیشان دا.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئەو وڵاتە بەردەوام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لەو وڵاتە مەحکووم دەکەن و لە سەر ئەو باوەڕن ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانیەوە دەستی لە سەرکوت و کوشتنی ناڕازییانی ئەو وڵاتەدا هەبووە. 

هەندێک لە کارناسان ئەو سەفەرەی زەریف بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە ڕێگری بکات لە پرۆسەی دابینکردنی بەرق لەلایەن عەرەبستان و ئیماراتەوە.

هەروەها لە دانیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاڵای ڕێژیمی ئێرانیان بۆ جەواد زەریف دانەناوە و زۆر کەس ئەمە بە سووکایەتیکردنی عێراق بە ڕێژیمی ئێران دەزانن.

ئەم دیدارەی ''زەریف'' لە کاتێکدایە کە ''مستەفا ئەلکازمی''، سەرۆک وەزیرانی عێراق گوشاری بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێناوە و لە مانگی ڕابردوودا لەلایەن دژە تێرۆری عێراقەوە ١٤ کەس لە فەرماندەکانی گرووپی ''کەتائیب حیزبوڵڵا'' دەسبەسەر کراون.