کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندی پارتی ئازادیی کوردستانی باکوور لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

14:56 - 30 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شاندی پارتی ئازادیی کوردستانی باکوور بە سەرپەرەستی مستەفا ئۆزچەلیک سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندی پارتی ئازادیی کوردستانی باکوور بە سەرپەرەستی مستەفا ئوزجەلیک سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزب بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا.

سەرتا ئۆزچلیک، بە نوێنەرایەتی لە شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیانی بۆ دیدار لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات مستەفا هیجری و دەفتەری سیاسیی حیزب دەربڕی.

دواتر ناوبراو باسێکی لەسەر پێکهاتنی پارتی ئازادیی کوردستانی باکوور کرد و وتی ئەو حیزبە لە مانگی ئۆکتوبری ٢٠١٤ی زایینی پێکهاتووە بە مەبەستی دابین کردنی مافی کورد لە باکووری کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتێکی فیدراڵدا.

لە درێژەدا خۆشحاڵی خۆیان بۆ بەردەوام بوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕی.

دواتر مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەخێر هاتنی شاندی میوان، پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەو حیزبەی لێکردن.

مستەفا هیجری بە وردی لێکدوانەوە و سیاسەت و ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی لەسەر پرسە سیاسییەکان بۆ هەیئەتی میوان شی کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەر دوو حیزب جەختییان لە سەر بەردەوام بوون و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان کرد.

کازیوە.ر