کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکیDBP بۆ دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر

21:06 - 9 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی ئاشتی و دێموکراسی (DBP) سەردانی دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد و لەلایەن شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتەوە، پێشوازییان لێکرا.

به پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی (30 ئاگۆستی 2014ی زایینی)، شاندێکی پێوەندییەکانی DBP پێکهاتوو لە خاتوو شیلان و جەمال دورسون سەردانی دەفتەری پێوەندییەکانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولیر کرد.

شاندی پارتی ئاشتی و دێموکراسی لەلایەن محەمەد ساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی دەفتەری پێوەندییەکانی هەولێرەوە پێشوازیی لێکرا.

لە سەرەتای ئەم چاوپێکەوتنەدا، شاندی پێوەندییەکانی DBP، وێڕای دەربڕینی هیوای سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات لە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، باسی هەلومەرجی ئێستای ناوچەکە و هاتنە ئارای دەرفەتی نوێ بۆ کورد لەو قۆناغەدا کرد.

هەروەها ئەو شاندە لە درێژەدا وەلانانی کێشەی لایەنە سیاسییەکان و پاراستنی گەلی کوردیان بە پێویست زانی.

شاندی پێوەندییەکانی DBP لە درێژەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بۆ بەشداری لە حەوتەمین کۆنگرەی جڤاکا دێموکراتیک بە فەرمی بانگهێشت کرد، کە بڕیارە لە دیاربکر بەڕێوە بچێت.

10109.jpg


دواتر، محەمەد ساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەو حیزبە لە هەولێر، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە سەردانی شاندی DBP، گۆڕینەوەی بیروڕا لەو هەلومەرجەدا و کارکردن لە سەر بنەمای هاوبەش بە پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ لایەنە کوردییەکان زانی و هەڕەشەی داعش و پیلانە ناوچەییەکان دژ بە گەلی کورد و بە تایبەت رژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردانی لە ناوچەدا بە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەروەری هەرێمی کوردستان و جووڵانەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا وەسف کرد.

قادری لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو قۆناغەی ئێستای بە دەرفەتێک کە دەکرێ ببێتە بنەمایەک بۆ کاری هاوبەش لە نێوان هەموو هێزە کوردییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییە‌کان ناوبرد.

لە کۆتاییدا شاندی هەر دوو لایەن لەسەر یەک‌هەڵوێست‌بوونی هێز و لایەنە کورستانییەکانیان پێداگرییان کردەوە.