کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات ــ بلژیک، لە سینای ئەو وڵاتە

23:35 - 23 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران له وڵاتی بلژیک، سەردانی سینای ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ جێگری سەرۆکی سینا و ئەندامی هەرێمی فلاندرێن کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بلژیک لەگەڵ \'\'کارل ڤان لاوە\'\' جێگری سەرۆکی سینا و ئەندام پارلمانی هەرێمی فلاندرێن کۆبووەوە.

لە سەرەتای ئەم دیدارەکەدا بارودۆخی ئێران و کوردستان لە ماوەی یەک ساڵ دەسەڵاتداریەتیی حەسەن رۆحانی، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و رێژەی لە سێدارەدان، کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، دەستگیرکردن و ئازاردانی سەرەڕۆیانەی کوردەکان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ئێرانەوە باسیان لێ کرا.

کارنامەی رۆحانی لە یەک ساڵی رابردوو و خرابتربوونی رەوشی مافی مرۆڤ لەو یەک ساڵەدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری، بەشێکی دیکەی قسەکانی نوێنەری حیزبی پێکهێنابوو.

دەستێوەردانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ و پشتیوانیی ئەو رێژیمە لە گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان لەو دیدارەدا باسی لەسەر کرا.

نوێنەری حیزب لەو دیدارەدا پەرژایە سەر دۆخی کوردستانی باشوور و رۆژئاوا و ئەو گۆڕانکارییانە کە لەم دوایی‌یانەدا لەو هەرێمانە روویان داوە و وهەروەها ئەو هەڕەشانەی کە بەرەوڕوویان بووەتەوە و وتی: تیرۆریزم وەکوو دیاردەیەکی جیهانی پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرەنگاریی لەگەڵ بکرێ. هەنووکە کورد لە ناوچەدا بەتەنیا لەگەڵ تیرۆریزم لە شەڕ دایە و پێویستیی بە پشگیری و هاوکاریی کۆمەڵگای جیهانییە.

فەتحی لەو دیدارەدا وتیشی: هێرشی گرووپی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی بۆسەر کوردە ئێزدییەکان کە بەهۆی ئەو هێرشە نامرۆیی‌یانەوە بە سەدان هەزار لە هاووڵاتییانی ئێزدی ئاوارە بوون، بەرەوڕووی کارەساتێکی مرۆیی بوونەتەوە ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە ئەرکی خۆی هەلنەستێ ئەوە کورد دیسان بەرەوڕووی مێژووی تاڵی ژینۆساید دەبێتەوە.

نوێنەری حیزب لە بلژیک هەروەها وتی: لەسەر ئەو ئەساسەی کە حیزب بەپێی پرینسیپەکانی دژبە تێرۆر و تێریریزمە و خۆی قوربانیی تێرۆریزمی دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، حیزبی ئێمە تێرۆریزم بەگشتی و کردەوەکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی بە تایبەت مەحکووم دەکا. ئێستا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بەرەوڕووی تێرۆریزم بوونەتەوە، حیزبی ئێمە بەپێی توانا، ئامادەیە پارێزگاری لە باشووری کوردستان و گەلی کورد لەو بەشەدا بکات و هەر لەسەر ئەم ئامادەیی دەربڕینە حیزب چەند سەد پێشمەرگەی رەوانەی بەرەکانی شەر کردووە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەل تێرۆریستان.

چالاکی سەلەفییەکان لە کوردستانی ئێران و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لەو گرووپانە بە مەبەستی دژایەتی کردن لەگەڵ حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد، بەشێکی دیکەی وتەکانی جەمیل فەتحی بوو.

ڤان لاوە خۆشحاڵیی خۆی لەو دیدارە و ئاگاداربوونەوەی لە بارودۆخی ناوچە و کوردستان دەربڕی و پاڵپشتیی خۆی بۆ هێنانە بەر باسی ئەو پرسانەی لە سینای وڵاتەکەی نیشان دا.