کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لە دامەزراوەی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوین

11:53 - 28 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەردانی دامەزراوەی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوینی کرد و تێیدا وێڕای پێشکەش کردنی باسێک سەبارەت بە بارودۆخی گشتی ئێران دوایین لیستەی ناوی زیندانیانی سیاسی ئامادەکراوی حیزبی دێموکراتی پێشکەش بەو رێکخراوەیە کرد.

ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا رۆژی چوارشەمە ١٦ی مانگی ژانویە سەردانی دامەزراوەی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوینی کرد و وێڕای پێشکەش کردنی باسێک سەبارەت بە بارودۆخی گشتی ئێران پێی ڕاگەیاندن: سیاسەتی گوشاری لانی زۆر کە لەلایەن کاربەدەستانی ئامریکاوە باسی لێدەکرێت ناتوانێت کاریگەری ئێجگاری لەسەر هەڵسوکەوتی ئێران هەبێت ئەگەر ڕێژیم ئەو گوشارەش لە ناویشەوە هەست پێ نەکات.

نوێنەری حدکا پێی ڕاگەیاندوون کە شێوازی قسەکردنی کاربەدەستانی ئێستای ئامریکا بۆ خەڵکی ئێران زۆر هیوابەخش نییە و ئامریکاییەکان پێویستە بە سەراحەت داوای چوونی ڕێژیمی ئێران بکەن و لەم پێوەندییەشدا کردەوەی راستەقینەیان هەبێت.

ئارش ساڵح هەروەها باسی لەوە کردووە کە کوردەکانی رۆژهەڵات لە مانگرتنەکانی دوای مووشەکبارانی بنکەی حیزبە کوردییەکان پیشانیان دا کە پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی خۆیانن و لە ناوەوە یەکگرتوون. نوێنەری حدکا لە ئامریکا هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی چ بە جیا و چ هەموویان پێکەوە ناتوانن بەو شێوەیە لە ناو پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان دا خۆشەویست بن.

لە درێژەدا ئارش ساڵح نوێنەری حدکا بە ئاماژە بەوەی کە خەڵکی ئێران بە شێوەی جۆربەجۆر دەریان خستووە کە خوازیاری گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانن وتی: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت دەست لە موسامێحە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵبگرێت و گوێ بداتە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناو دڵی کۆمەڵگای ئێران دا خەریکی روودانن.

نوێنەری حدکا وتیشی خەڵکی ئێران بەدەست سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا زۆر ناڕازین چوونکە دەبینن یەکیەتی ئورووپا خەڵکی ئێران و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤیان لە بیر بردۆتەوە و تەنیا لەبەر بەرژەوەندی ئابووری خۆیان خەریکی رازی کردنی کۆماری ئیسلامین.

هەروەها ئارش ساڵح لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە خەڵکی کوردیش بەشێکن لە ئێران و دەیانەوێ لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا رۆڵیان هەبێت و لەو پێوەندییەدا قسەیان هەیە و دەبێت قسەکانیان ببیسترێت. هاوکات دێمۆگرافی ئێران گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەمڕۆ ئیتر فارسەکان زۆرینە نین. هەروەها نەتەوە بندەسەتەکان هێدی هێدی خەریکن ئاگایی نەتەوەیی خۆیان بەدەست دێنن و دەیانەوێ بە شوناسی خۆیانەوە بەشداری داهاتووی ئێران بن؛ ئامریکا پێویستە ئاگای لەم گۆڕانە بنەڕەتییەی کۆمەڵگای ئێران بێت. ئامریکا پێویستە کاتێک کە چاو لە ئێران دەکات و ئێران دەخوێنێتەوە، هەوڵ بدات لە چاویلکەی نەتەوە بندەستەکانیشەوە راستییەکان ببینێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەیکە تێگەیشتنی دەوڵەتی ئامریکا بە نیسبەت گۆڕانکارییەکان باشتر و قووڵتر بێت.