کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بلژیک، لە پارلمانی هەرێمی فلاندرێن

16:01 - 8 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: شەڕی دژی تیرۆریزمی کورد لە کوردستانی عێراق، بەشداریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی رۆژهەڵات لەو شەڕە و پێویستیی پشتیوانیی وڵاتانی ئورووپایی لە نەتەوەی کورد لەو قۆناغەدا، باسگەلێک بوون لە دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات و پارلمانتارانی هەرێمی فلاندرێن لە بلژیک هاتنە ئاراوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'جەمیل فەتحی\'\' نوێنەری حیزب لە وڵاتی بلژیک، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی پارلمانی هەرێمی فلاندرێنیان کرد و لەگەڵ چەند ئەندامێکی سەربە فراکسیۆنی گەورەترین حیزبی هەرێمی فلاندرێن واتە \'\'یەکیەتیی نوێی فلامان\'\' دیداری پێکهێنا.

کورتەیەک لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا، دێموکراتیزە کردنی ئێران وەکوو ئامانجی ئێستای خەباتی حیزبی دێموکرات و بە دەستهێنانی مافی رەوای نەتەوەی کورد لە ئێرانێکی فیدراڵدا، کۆمەڵە بابەتێک بوون کە لەلایەن نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وروژێنران و باسیان لەسەر کرا.

پابەندبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە رێککەوتنە نێونەتەوەیی‌یەکان کە ئامانجیان پاراستنی مافی مرۆڤە، بەشێکی دیکە لە قسەکانی نوێنەری حیزبی دێموکراتی لەو دیدارەدا پێکهێنابوو.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا وێڕای ئاماژە بە باوەڕمەندیی حیزبی دێموکرات بە دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتییانەی چارەسەریی پرسی کورد وتی: حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران و بەشەکانی دیکەی کوردستان نرخی زۆر قورسی داوە، بەڵام لەهەمبەردا ئەو داخوازییەدارێژیمەکان جگە لە زمانی چەک و توندوتیژی هیچ زمانێکی دیکەیان بەکار نەهێناوە و مێژووی ٣٥ ساڵی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڵگەی بەهێزی ئەم راستییەن.

فەتحی وتیشی: حەسەن رۆحانی وەکوو سەرکۆمارەکانی دیکە هەلبژێردراوی رێژیمە و هیچ باوەڕی بە دێموکراسی و مافی مرۆڤ نییە و لە پلانیدا نییە و نەبووە کە گۆڕانکاری لە کۆماری ئیسلامیدا پێک بێنێت، یەکەم لەبەر ئەوەی کە سیستەمی کۆماری ئێسلامی هەڵگری ریفۆرم نییە و پاشان کەسانێک وەکوو رۆحانی کە خۆیان بە ریفۆرمیست ناو دەبەن، باوەڕیان بە رێفۆرم نییە و تەنیا باوەڕیان بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی واتە \'\'ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ\'\' هەیە کە دژ بە مەسەلەی دێموکراسی و رێفۆرمن.

ناوبراو وتیشی: رۆحانی نە تەنیا هەوڵی نەداوە کە بەلێنەکانی جێبەجێ بکات، بەڵکوو بە کردەوە هەنگاوی ناوە بەرەو خرابتر کردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.

دوو هێندە بوونی رێژەی ئیعدامەکان لە ماوەی سەرکۆماریی حەسەن رۆحانی بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێكچووی ساڵی پێشووتری کە ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری رێژیم بوو و هەروەها توندتربوونەوە توندوتیژییەکان دژی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد بەشێکی دیکەی لە قسەکانی نوێنەری حیزبی لەخۆ گرتبوو.

نوێنەری حیزب داوای کرد کە حکوومەتی بلژیک لە پارلمانی ئورووپا و کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و لە سێدارەدانی لاوانی کورد، بخاتە بەر باس.

دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی دیکەی ناوچە و جیهان، رەوانەکردنی تیرۆریزم بۆ ئەو وڵاتانە، دامەزراندن، پشتیوانی و پڕچەک کردنی هێزە تیرۆریستییەکانی وەکوو ئەنسارولئیسلام و جیهادییە سەلەفییەکان، لەو دیدارەدا لەسەریان باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

نوێنەری حیزب لەو دیدارەدا هەروەها باسی لە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کرد و وتی: داعش وەکوو هەڕەشەیەکی تیرۆریستی بۆسەر هەموو ناوچەکە و بەتایبەت کوردستان، پێویستە لەلایەن وڵاتانی ئورووپا بەرەنگاریی لەگەڵ بکرێ هەتا گەنجترین ئەزموونی دێموکراسیی جیهان واتە کوردستان نەخاتە مەترسییەوە.