کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی ئازادی کوردستانی باکوور لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە پاریس

09:58 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی ئازادی کوردستانی باکوور سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە پاریسیان کرد و لە لایەن لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازیان لێکرا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی پارتی ئازادی کوردستانی باکوور بە سەرۆکایەتی بەرێز مۆستەفا ئۆزچەلیک سەرۆکی ئەم پارتە سەردانی دەفتەری نوێنەرایەرتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە پاریسی پێتەختی فەرانسە کرد و لە لایەن وەفدێک بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازیان لێکرا.

لەم سەردانەدا باس و بابەتەکانی ڕۆژەڤی کوردستان بە گشتی و کوردستانی باکوور و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی تاوتوێ کران.

سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستانی باکوور باسی هەڵبژاردنەکانی کوردستانی باکوور و شێوەی بەشداری پارتەکەیان و ئامانج و ڕینماییەکانی کرد.

لە لایەکی دیکەوە لێپرسراوی گشتیی حیزب باسی چالاکییەکان  حیزب  و بارودۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بۆ شاندی میوان کرد.

هیجری لە باسەکەیدا باسی دەسکەوتە سیاسییەکانی پاش کۆنگرەی ١٦هەم و هەروەها هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان کرد.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن لەسەر یەکگرتوویی و پتەوترکردنی لایەنەکانی کوردستانی پێداگرییان کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ یەکتر خواست.