کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە، لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات

13:25 - 1 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی مامۆستا حەمید دەرویش سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتیان کرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی ئەم شاندە بە سەرپەرستیی سکرتێری پارتی پێشکەوتنخواز سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی کرد ‌و لەلایەن شاندێکی رێبەری حیزبەوە بە سەرپەرستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتی، پێشوازیی لێ کرا.
لەو دانیشتنەدا لەلایەن دوو هەیئەتەوە لەسەر بارودۆخی ناوچەکە و بە تایبەت کورد باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
حەمید دەرویش سکرتێری پارتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە لەسەر بارودۆخی راپەڕینی سووریە بەگشتی و کورد لەو وڵاتە باسێکی وروژاند و لەو بارەوە لەسەر چۆنیەتیی بارودۆخی هێزە سیاسییەکانی کورد لە ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریە و پێوەندیی نێوان کورد و هێزەکانی دیکەی ئوپۆزسیۆن باسێکی هێنایە ئاراوە.
لە کۆتایی ئەم هاودیتنەدا هەردوو لایەن لەسەر پێوەندیی دۆستانەی هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و پارتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە پێداگرییان کردەوە.