کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی ڕەواڵەتیی پارێزگاری کرماشان لە لافاو لێدراوانی کرماشان

17:31 - 13 رەزبەر 2720

لە دوای ئەوەیکە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، لافاو گوندی "کەهریز" شاری "هەرسینـ"ـی سەر بە پارێزگای کرماشانی گرتەوە، زیانێکی زۆر بەر دانیشتووانی ئەو گوندە کەوت.

بە وتەی دانیشتووانی ئەو گوندە لە ئەنجامی هاتنی لافاودا ٦٠٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتییان لە ناو چوون.

پارێزگاری کرماشان کە بە ڕواڵەت بۆ ئاوڕدانەوە لە زیان بەرکەوتووانی ئەو کارەساتە سرووشتییە سەردانی ئەو گوندەی کردووە بەڵام هیچ هاوکارییەکی خەڵکی لافاو لێدراوی نەکردووە.

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە ناوبراو تەنیا بۆ گرتنی وێنە ڕووی لەو گوندەی کردووە و تەنانەت ئیزنی قسەکردنی بە خەڵک نەداوە.

دانیشتووانی ئەو گوندە باسیان لەوە کردووە ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم تەنیا چەند خولەک لەو گوندە ماوەتەوە و بە خەڵکی وتووە لێم نیزیک مەبنەوە ئێوە کۆرۆناتان هەیە.

هاووڵاتییان باسیان لەوە کردووە، ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم زۆر ترساوە لە خەڵک و گوایە بۆ ناو داعش هاتووە و هەوڵی کوژرانی دەدرێت.

هەروەها خەڵکی ئەو گوندە ناڕەزایەتیی خۆیان لە ناستانداردبوونی ڕێگاوبانی ئەو ئاواییە دەربڕیوە کە هاتنی لافاو هاتوچۆی لە خەڵک دژوار کردووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی باران بارینێکی زۆر لافاو نێو گوندی "کەهریز"ی شاری "هەرسینی" سەر بە پارێزگای کرماشانی گرتەوە و زەرەر و زیانێکی زۆر بەر خەڵکی ئەو ئاواییە کەوت و مەڕ و ماڵات و خانووی هاووڵاتییان کەوت.