کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

12:52 - 6 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرپەرستیی مامۆستا محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتی ‌و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکراتیان کرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەلایەن شاندێکی حیزبی دێمۆکراتەوە، بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پێشوازیی لێ کرا.
لەو دانیشتنەدا مامۆستا محەممەد فەرەج باسێکی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق، پێوەندییەکانی بەغدا ‌و هەرێمی کوردستان ‌و هەروەها بارودۆخی ئاڵۆزی سووریە ‌و کێشە ‌و گرفتە پێوەندیدارەکانی ناوچە، روانگە ‌و بۆچوونەکانی یەکگرتووی ئیسلامی خستە بەر باس.
دواتر بەڕێز مستەفا هیجری، باسێکی سیاسیی لەسەر دۆخی شپرزەیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کێشەی ئەتۆمی، ئاڵۆزییەکانی ناوچە ‌و رۆڵی تێکدەرانەی رێژیم لە سووریە ‌و عێراق ‌و ناوچەکەدا کرد.
هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێداگریی لەسەر یەک دەنگیی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان کردەوە ‌و بەرەوپێش چوونی دێمۆکراسیی لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە لە قەڵەم دا.
شاندی هەر دوو حیزب جەختیان لەسەر پێوەندی پتەو ‌و دۆستانەی نێوانیان کردەوە ‌و لەسەر کۆمەڵێک پرسی پێوەندیدار ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.