کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردەشت تەنیا جارێک کیمیاباران نەکراوە

19:06 - 7 پووشپەڕ 2722

ئەوین حەکیم‌پوور

پاش ٣٥ ساڵ کە بەسەر کارەساتی کیمیابارانی "سەردەشت" تێدەپەڕێ ئێستاش بۆنی سێوی ڕزیو لە هەناو و هەناسەکانی خەڵکی ئەو شارە دێتە دەرێ و ئاسەواری لەسەر ژینگە و مرۆڤەکان نابڕێتەوە بەشێوەیەک ئێستاش خەڵک بەرە بەرە هەست دەکەن کە بەرکەتووی کیمیایین و کاریگەرییەکانی لە درێژماوەدا دەرکەوتوون.

سەردەشت پێش بۆردومانکردنی بە چەکی کیمیایی ببۆ شوێنی شەڕی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و سەدام، شەڕ لە لای خۆزستان بوو کەچی گواستبۆویانەوە کوردستان و یەک ساڵ پێش کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە "سەردەشت" درایە بەر چەکی کیمیایی و ٧ مانگ دواتریش "هەڵەبجە" کیمیاباران کرا ئەویش چوونکە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەو دوو شارە خزابوون.

بەلام دوای ئەو کارەساتە چەندین کارەساتی دیکە بەسەر خەڵکی شۆڕشگێڕی "سەردەشتـ"ـدا هاتووە.

بۆ نموونە ڕێژیمی ئێران کەوتە پیلانی جیددیتر چوونکە هەرچی دەیکرد ، خەڵکی ئەو شارەی بۆ بە چۆکدا نەدەهات ئەویش ئەوە بوو بە شتێکیان سەرگەرم کات کە بیری شۆڕشگێڕی و نەتەوایەتییان لەبیر بباتەوە پێش هەموو شتێک دامەزراندنی کاروپێشەی لەو شارە قەدەغە کرد دواتر بەرە بەرە لە ڕێگەی مۆرەکانییەوە ماددەی هۆشبەری هێنایە نێو شار و خەڵکی فێری سازکردنی جۆری ماددەکان کرد بەتایبەت شیشە.

نازانم کام به‌رپرسی رژیم دەبێت لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەخنەی لێ دەگرن کە لە ماوەی کارکردنیدا هیچی نەکردووە ئەویش دەڵێت چۆن هیچم نەکردووە ئێوە دەبێ خەڵاتیشم بکەن چوونکە هێزی گیاڕەنگم کوێر "منحل" کردووەتەوە و بە جێگەی کڵاشینکۆف چەکێکی دیکەم داوەتە دەستیان ئەویش ماددەی هۆشبەرە.

لە پەنا ئەوەشدا تاقە ڕێگایەکی مەمرە مەژی بۆ خەڵک هێشتەوە ئەویش کۆڵبەرییە کە هەموومان دەزانین ڕێگای هات و نەهاتە و مەبەستی ئەوەیە خەڵکی کورد وەکوو کۆیلە و دواکەوتوو بە چاوی دنیا نیشان بدات.

مەبەستێکی دیکەشی ئەوەیە کە خەڵک چاولەدەست و برسی و بێکار بن بۆ ئەوەی ببنە جاش و بەسیج و سیخۆڕی بەسەر خەڵکەکەی خۆیاندا بکەن. 

لەگەڵ ئەوەشدا سێ هێزی گیاڕەنگ و ئاوارە و زمزیرانی پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ و قارەمانی هەبوو کە دووژمنیان وەزاڵە هێنابوو قارەمانەتیی و بویرییان دوژمنیان وەلەرزە خستبوو و ببوونە وێردی سەر زمانان.

لە ٧ی پووشپەڕی ساڵی ٦٦ی هەتاوییەوە تاكوو ئێستا،  هیچ خزمەتگوزارییەکی دەرمانی بۆ بریندارەکانی نەکراوە و ناکرێ و ئەوانەی کە ئێستا ئاسەوارەکە لە هەناویان دەردەکەویت هەر حیسابیشیان بۆ نارکرێت و بەگشتی شاریش لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشە و هەر کە کاتی دەنگدان دێت بۆ ئەوەی خەڵک فریو بدەن دێن پڕۆژەیەکی ئەنیمەیشێن بە خەڵک نیشان دەدن کە خزمەت بە شار و خەڵک دەکەین بەڵام دوای ئەوە نە بای هاتووە و نە باران هەر دەڵێی ئەو شتانەشیان بە خەڵک نەوتووە وپشتگوێی دەخەن.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بێکاری، پۆل پۆل لاوەکان و بنەماڵەکانی "سەردەشت" بە مەبەستی خوێندن و دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە و شاریان چۆڵ کردووە کە چەندین کەس لەو ڕێیەدا بوونەتە قوربانی و لە ئاوەکانی کاناڵی مانشدا بێ سەر و شوێنن بوون.

یەک لەوان ٥ ئەندامی بنەماڵەی "ئێران نژاد" بوون کە بوونە سەر تیتری ڕۆژنامەکانی جیهان و کۆرپەی چەند مانگەیان "ئارتین" دوای چەند مانگ کە تەنیا ئێسک و پرووسکەکەی لە نێو جلەکانیدا مابوو و لە قەراغ ئاوەکانی ئەو وڵاتانە کە شەپۆلەکان ڕایاندابوو بیندرایەوە.

دەردەکان زۆرن و مرۆڤ نازانێ کامەیان بکاتە نموونە، بۆیه‌ سه‌رده‌شت هه‌موو ساڵێ كیمیابارن كراوه‌ته‌وه‌. 

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.