کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرلێشێواوی ڕێژیم دوای بایکۆتی بەربڵاوی بەناو هەڵبژاردنەکان

17:42 - 28 جۆزەردان 2721

پاش نیزیک بە یەک مانگ لە کیسەهەڵدوورینی سەرانی ڕێژیم لەمەڕ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکانی ئێران بۆ بەشداری لە بەناو هەڵبژاردنەکانی مانگی جۆزەردان، ئەمڕۆ ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خەڵک بەشداری ئەم شانۆگەرییە بوون.

بەشداری کز و لاواز لە شانۆگەریی جۆزەردان بووە مایەی سەرلێشێواوی ڕێژیم کە ئەم ڕاستییە لە ماڵپەڕ و میدیاکانیدا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە.

لەحاڵێکدا کە محەممەد میرزایی بەرێوەبەریی گشتیی بەشی سیاسی هەواڵدەریی  فارس لە تویتێکیدا نووسیویەتی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا تا کاتژمێر ١٣ نیزیک بە ٨ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرگەی دەنگ سەرف کراوە، دەنگوڕەنگی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتژمێرە ڕێژەی بەشاری خەڵک ٥ میلیۆن کەس بووە! 

لەلایەکی تریشەوە هەواڵدەریی "دانشجو" ڕایگەیاندووە کە تا کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ ٧میلیۆن کەس بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون.

نایەکسانی ئامارەکانی خودی ڕێژیم کە هەمووشیان دەیبەستنەوە بە وەزارەتی نێوخۆ، نیشان لەوە دەدات کە سەرانی رێژیم تووشی سەرلێشێواوی بوون و هەر جارەو ئامارێک دەدەنە دەرەوە کە ڕوونە دواجار درۆیەکی گەورەتر بە خەڵک دەدەنەوە.

وەک چاوەڕوان دەکرا، رێژەیەکی زۆر کەم لە خەڵک بەشداری ئەم شانۆگەرییە بوون؛ بەتایبەت ئەم بایکۆت و تەحریم کردنە لە کوردستاندا زۆر بەرچاوترە.