کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرماوەزی کوردان

16:43 - 15 سەرماوەز 2720

نەوید کەرەمی

کۆماری کوردستان، سەرماوەز و پێشمەرگە سێ وشەن کە بۆ ئێمەی کورد پڕن لە مانا و شانازی.

ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٤٥ی زایینی، لە مانگی سەرماوەز مێژوویەک لە مەهاباد لەنێو جەرگەی سەرهەڵدانەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی پاشایەتی تۆمار کرا و بوو بە ڕەمز و شوناس بۆ هەموو گەلی کورد.

لە سەرماوەزی ١٣٢٤ی کوردی بە ڕاماڵینی بنکە و بارەگاکانی شای داگیرکەر بە دەستی بەهێزی سپای تازە پێکهاتووی کورد لە مەهاباد و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، یەکەمین پایەکانی دەسەڵاتە پڕشکۆکەی کۆماری کوردستان قایم کرا و بوو بە بەردی بناغە بۆ هەموو هەنگاو و هەوڵدانەکانی دواتر.

لە هەنگاوی دواتردا بە ناودێرکرانی سپای میللیی کوردستان بە هێزی پێشمەرگە لەلایەن کابینەی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی شەخسی قازی محەممەد، لاپەڕەیەکی نوێ لەژێر ڕووناکایی ئەو دەسەڵاتە ساوایەدا بۆ گەلەکەمان کرایەوە.

سەرماوەز بەپێچەوانەی سروشتەکەی بە یەکجارە بوو بە بەهاری کوردان و شایی و ڕووناکیی خستە نێو دڵی گەلی کوردەوە.

بەداخەوە تەمەنی کۆماری کوردستان زۆری نەخایاند، بەڵام مێژوو و دەسکەوتەکانی هەتاکوو ئێستاش هەر ڕەمزی مانەوەی گەلەکەمان و هەر جێگای فەخر و شانازیی گەلی کوردن.

پاش کۆماری کوردستان ئەرکی پاراستنی هەموو دەسکەوتەکان و هەوڵدان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کیانێکی دیکەی کوردی کەوتووەتە سەر شانی خولقێنەری ٢٦ی سەرماوەز واتە "هێزی پێشمەرگەی کوردستان"، هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پلینیۆمی پاش کۆنگرەی پێنجەمی خۆیدا بە مەبەستی ڕێزدانان بۆ هەموو دەسکەوت و گیانبازی و قارەمانیەتییەکانی هێزی پێشمەرگە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤، واتە ڕۆژی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی شا لە مەهاباد و هەڵکرانی ئاڵای پیرۆزی کوردستانی بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ناودێر کرد.

لێکگرێدراویی حیزبی دێموکرات، پێشمەرگە و کۆماری کوردستان، بە هەموو مێژووی نەتەوەخوازی و خەباتی گەلەکەمانەوە کە لە کۆماری کوردستانەوە دەستی پێکردووە، بە شێوەیەکە کە هەرکات ئەگەر باس لە یەکێک لەو چەمکە پیرۆزانە بکرێت دەستبەجێ هەتاکوو سەرچاوەکەیان، واتە کۆماری کوردستان شۆڕ دەبنەوە.

سەرماوەز ئەگەر لە سروشتدا سەرەتای هاتنی سەرما و بەفر و سەهۆڵبەندانە، بەڵام بۆ ئێمەی کورد وەبیرهێنەرەوەی فەخر و  شانازی، مێژووی پڕشنگدار و سەربەرزی گەلەکەمانە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.