کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرمای بەهاری هەڕەشە لە وەرزێڕان دەکات

13:29 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لافاوەکان لە لایەک زیان و خەساریان بە وەرزێڕانی کوردستان گەیاندووە و ئێستاش سەرمای بەهاری هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر جووتیاران بەتایبەت باخدارانە.

جیا لە بەردەوامیی بارانبارینەکان لە کوردستاندا، لە هەندێک لە شارەکانی کوردستاندا بەفریش باریوە و ئەوەش لە ئێستەدا مەترسییەک بۆ سەر بەروبوومی وەزێڕانی کوردستانە.

لە شارەکانی خۆی، ماکۆ، چاڵدێران، ورمێ و لە چیا بەرزەکانی کوردستاندا بەفر شاخەکانی سپیپۆش کردووە.

ئیدارەی گشتیی کەشناسیی ورمێ، بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە هەتا ٥ی بانەمەڕ مانگی داهاتووەوە لە پارێزگاکانی ورمێ، سنه و کرماشان پلەی گەرمیی هەوا دادەبەرزێت و ئەگەری سەهۆڵبەستنی هەیە، کە ئەوەش بۆ بەشی وەرزێڕی بەتایبەت بۆ باخداران لە کوردستاندا زەرەی دەبێت.

هاوکات بایەکی زۆر توند بە توندیی ٧٥ کیلۆمیتر لە هەندێک شارەکانی پارێزگای ورمێ دێت، کە بە نیسبەت مەترسییەکانی ئەو بایە هۆشداری دراوە.

هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا، بەشێکی بەرچاو لە باخەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆی سەرمابردووییەوە تووشی زیان دەبن و زەرەێکی بەرچاو بە وەرزێڕان دەگات.

هاوکات لە ئێرانیشدا لە دوای لافاوەکان ئەمجارە کولوو / کوللـە هێرشی کردووەتە سەر مەزرا و مووچەکانی ئێران.

ئەو کولوویانە لە وڵاتی عەرەبستانەوە هاتوون و پارێزگاکانی وەک سیستان و بەلووچستان، کرمان، بوشێهر، باشووری فارس و هۆرمۆزگان دەکەونە بەر هێرشی کولووەوە.

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران لە بەشی وەرزێڕیدا هۆشداری داوە، هێرشی کولوو هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەمنییەتی غەزایی لە ئێراندا.