کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:53 - 27 خەزەڵوەر 2720

یەکیک لە سەرهەنگە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دوای تەمەنێک خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر، سەرهەنگ "ئیسماعیل عەلیار"، یەکێک لە کادرە نیزامییەکانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب بووە و ساڵانێکی زۆر یەکێک لە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو.

سەرهەنگ "عەلیار" براگەورەی شەهید شەهید سەرگورد "کەریم عەلیار"، ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی ‌‌و بەرپرسی كۆمیسیۆنی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكراتی کوردستان بووه کە ١٠ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٦٤ له‌ شه‌ڕێكی‌ قاره‌مانانه‌ لە ناوچەی بانە شەهید بوو.

سەرهەنگ سمکۆ عەلیار یەک لەو فەرماندە شوێندانەرانەی حیزبی دێموکرات بوو کە لە ڕێگای پێکھێنانی دەورەی پەروەردەی نیزامی خزمەتی زۆری بە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلی کورد کرد.

سەرهەنگ "عەلیار" سەرهەنگی دووەمی پیادەی شیراز و خەڵکی بۆکان بوو. ناوبراو توانایی و لێهاتوویەکی زۆری هەبوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو تێکۆشەرە مەزنە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.